حکومەتی عێراق 35 هەزار دەرفەتی کار بۆ ئەو چەکدارانە دەڕەخسێنێت کە چەکەکانیان ڕادەستدەکەن

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، زانیاریى گرنگیان لەسەر کۆبونەوەی ئەمدواییەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لاداوە کە بەئامادەبونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان‌و سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیاری دۆسیەی چەککردنی گروپە چەکدارەکان بەڕێوەچوه‌.


ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردوە، لەکۆبونەوەکەدا پێشنیازی دابینکردنی 35 هه‌زار دەرفەتی کار لەدامەزراوە ئەمنییەکان‌و دژەتیرۆردا خراوەتەڕوو بۆ ئەو چەکدارانەی کە چەکەکانیان تەسلیمدەکەن، بەمەرجێک دوای تەواوبونی ئەم ژمارەیە دەرگای تێکەڵکردنیان دابخرێت.

هەر به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، مۆڵەتێکی چوارچێوەیی کە سێ مانگ تێپەڕنەکات دیاریکراوە بۆ ئەوەی گروپەکان هەڵوێستی خۆیان یەکلابکەنەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، نزیکەی 15 چەکداری سەر بەسەرایای سەلام لەلایەن موقتەدا سەدرەوە چەککراون‌و بەوەش 20 هه‌زار دەرفەتی کار ماوەتەوە کە بەشی سەرجەم گروپەکانی دیکە دەکات.

هاوکات هۆشداریدراوە کە هەرلایەنێک پابەندنەبێت ڕوبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی‌و سەربازیی دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی لیژنەکە ڕونکردنەوەی لەسەر دۆخی دارایی وڵات داوە کە دابینکردنی بودجەی ئەم چەکدارانە پێویستی بەکات‌و قەرزکردنی ناوخۆیی هەیە.

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتگیری خۆیان بۆ پێشنیازەکان دەربڕیوەو بڕیاردراوە بەرپرسانی وەزارەتەکانی بەرگریی‌و ناوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەی پشکنینی تاوانکاریی‌و دابەشکردنی چەکدارەکان بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران پێشتر پێشنیازێکی بۆ لایەنی ئەمریکی خستبوەڕوو، لەبەرامبەر کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی‌و وەبەرهێنان لەعێراقدا جێبەجێبکەن.