شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئیدارەکەی پێشتر تاوتوێی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی کردووە بە مەبەستی لەناوبردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران.
ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕوونیکردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە ئاسان نییە، چونکە یۆرانیۆمی ئێران لە شوێنی زۆر قایمدایە و پێویستی بە ئامادەکاری گەورە هەیە، بە جۆرێک جێبەجێکردنی پرۆسەکە پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەر زەوی دەبێت بۆ ماوەیەک کە ڕەنگە بگاتە 2 هەفتە و پێویستیشی بە کەلوپەلێکی زۆر دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێریی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات و هەر هەوڵێک بۆ گواستنەوە یان نزیکبوونەوە لە ماددە ئەتۆمییەکان بە توندی دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە.
لە هەمان کاتدا، ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە هەر هێرشێک بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا دەبێتە هۆی گەڕانەوە بۆ شەڕ و جەختی کردەوە لە هەر بارودۆخێکدا، چ لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە بێت یان شەڕ، ئەمریکا هەر سەردەکەوێت.
سەبارەت بە لوبنانیش، ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامی هێرشکردن لەلایەن حزبوڵاوە سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، پەیوەندیی بە دەور و نەخشی ئێرانەوە هەیە لە ناوچەکەدا.