شارپرێس:
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بەفەرمی دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سەرایا سەلامی بەدەزگا ئەمنییەکانی حکومەت ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو تەواوی چەکەکانی ئەو هێزەیان وەرگرت.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەمڕۆ لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، پرۆسەی تێکەڵکردنی ئەو هێزەی بۆ ناو دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان دەست پێکردوەو تەواوی ئەندامان و کەرەستە سەربازییەکانیان ڕادەستی حکومەت کران.
هاوكات، قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند کە تەواوی داتاکانی سەرایا سەلام، کە پێکهاتون لەلیستی ناوەکان، جۆری چەک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان، ڕادەستی لێژنە تایبەتەکان کراون.
هەروەها، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاشکرایکرد، چیتر هەموو چەکدارانی سەرایا سەلام لەژێر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراقدان و هیچ پەیوەندییەکی سەربازییان بەسەرکردەکانی ڕەوتی نیشتمانیی شیعەوە نەماوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، لە 27ـی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە بڕیاریدا هێزەکانی سەرایا سەلام لەڕەوتەکەی جیا بکاتەوە.