شارپرێس:
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ڕایگەیاند، کە نامەیەکی بەپەلەیان ئاراستەی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کردوە سەبارەت بەجێبەجێکردنی بڕیاری مافی هیوا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
تولای هاتیمۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەمپارتی، لەنامەیەکدا بۆ لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا، جەختیان لەسەر بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردەوە کە دەڵێت مافی هیوا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشێل کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەم پارتی، لەنامەکەدا داواکراوە کە لیژنەی وەزیران بە جددییەتەوە مامەڵە لەگەڵ یاساکانی نێڵسۆن ماندێلاو پرەنسیپی مافی هیوا بکات، کە بەشێکن لەبڕیارە پابەندکەرەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و پێویستە ئۆجەلانیش هاوشێوەی زیندانیانی دیکە لەو مافە سودمەند بێت.
هەروەها هاوسەرۆکانی دەمپارتی ئاماژەیان بەوە کردوە، ئەم بابەتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەپڕۆسەی ئاشتییەوە هەیە کە ئێستا لەتورکیا باس دەکرێت، هەر بۆیە داوایان کردوە لیژنەی وەزیران بە شێوازێکی بنیاتنەرانەو لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ ئەم دۆسیەیە یەکلا بکاتەوە.
"مافی هیوا" بەو واتایە دێت کە ئەو زیندانیانەی سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، مافی ئەوەیان هەبێت دوای ماوەیەکی دیاریکراو پێداچونەوە بەسزاکەیاندا بکرێت و هیوای ئازادبونیان هەبێت، کە تا ئێستا تورکیا رێگری لەجێبەجێکردنی ئەم مافە بۆ ئۆجەلان دەکات.
