شارپرێس:
شەوی ڕابردوو ناوچەکە ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی گەورەی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەبڕیارێکی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ هێرشی بروسکەییان کردەسەر چەند شوێنێک لەناوخۆی ئێران، لەبەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بەموشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکای لەوڵاتانی هاوسێ کردوەتە ئامانج.
هێرشەکانی ئەمریکا؛ بەرگریی ئاسمانیو ڕادارەکانی ئێران کرانە ئامانج
پێشوتر هێزەکانی ئەمریکا سێ قۆناغ هێرشی ئاسمانیی چڕیان بۆسەر ناوچەکانی باشوری ئێران (بەندەر عەباس، قشم، سیریکو جاسک) ئەنجامدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێرشەکان وەک "بەرگریی لەخۆکردن" بوە لەوەڵامی خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی جۆری "ئەپاتچی" ئەمریکی لەگەروی هورمز، بهگوێرهى ڕاگەیەندراوی سێنتکۆم، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ڕادارەکانو بنکەکانی کۆنترۆڵی سەر زەویی ئێران بەوردی پێکراون.
وەڵامەکەی ئێران؛ ڕاگرتنی پێکانی 21 ئامانج لەبنکەکانی ئەمریکا
لای خۆیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لەڕێگەی تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا"، 21 ئامانجیان لەناو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە پێکاوە.
بهگوێرهى زانیارییەکان، هێرشەکان بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لەبەحرەین، بنکەی "عەلی ئەلسالم" لەکوهیتو بنکەی "ئەزڕەق" لەئوردنیان گرتوەتەوە، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانیش بڵاویكردوهتهوه، لەهێرشەکەی سەر ئوردن، حەشارگەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35 تێکشکێنراون.
واشنتۆن زیانەکان ڕەتدەکاتەوە
لەبەرامبەردا، بەرپرسانی ئەمریکا گرنگیی هێرشەکانی ئێرانیان کەمکردەوە، ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، بەتایبەت بنکەی ئوردن، نه زیانى مادیو نه گیانیشى نییهو هیچ بەڵگەیەکیش لاى ئێرانیهكان نییە کە نیشانی بدات هێرشەکانی ئێران سەرکەوتوبون.
دۆخی ناوچەکەو هەڵوێستە سیاسییەکان
دەسەڵاتدارانی بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێداو سوپای کوهیتیش ڕایگەیاندوه، سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان چەند ئامانجێکی نەیاری لەئاسمانی وڵاتەکەدا تێکشکاندوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش داوای لەوڵاتانی هاوسێى کردوه، ڕێگە بەسوپای ئەمریکا نەدەن خاکەکەیان دژی ئێران بەکاربهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەتۆڕی ABC ڕایگەیاندوه، وەڵامەکەیان توندو پێویست بوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئێران هێشتا ماوەو پێدەچێت بەردەوامبێت.
