شارپرێس:
ڕۆژنامەی "فایننشال تایمز"ی بەریتانیی بەپشتبەستن بە لێدوانی سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای کردووە کە دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا ڕێوشوێنی خۆپارێزی نائاسایی و بێپێشینەیان گرتۆتەبەر، بەجۆرێک بەشێکی بەربڵاویان لە سیستمێکی چاودێریی تایبەت و نهێنی داخستووە کە بۆ پاراستنی ڤلادیمیر پوتین و یاریدەدەرە نزیکەکانی تەرخانکراوە، ئەمەش لە دوای تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران لە تاران و ڕووداوەکانی دواتر.
یەکێک لە سەرچاوەکان جەختی کردۆتەوە کە ئەم سیستمە ئەمنییە هەستیارە بە تەواوی جیاوازە لە تۆڕی چاودێریی گشتیی کە نزیکەی 300000 کامێرا لەخۆدەگرێت بۆ چاودێریکردنی هاووڵاتیانی مۆسکۆ، و تەنها دوای پشکنینی ورد لەلایەن ئەندازیارانەوە دووبارە خراوەتەوە گەڕ، بە ئامانجی دابڕینی تەواوەتی لە تۆڕی ئینتەرنێتیی جیهانی.
ئەم هەنگاوە لەناکاوەی ڕووسیا دوای ئەوە هات کە هەواڵگریی ئیسرائیل توانی بڕێکی زۆر لە گرتەی ڤیدیۆیی لە ڕێگەی هاكکردنی کامێراکانی هاتوچۆی ئێرانەوە کۆبکاتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە دیاریکردنی کات و شوێنی وردی کۆبوونەوەیەکی باڵا لە 28ی شوبات لە نێوان خامنەیی و یاریدەدەرەکانی، کە تێیدا چەندین بەرپرسی باڵای ئەمنی کوژران و بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
ئەم پرۆسەیە بازدانێکی تەکنەلۆژیی لە جیهانی سیخوڕیدا نیشان دا کە پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستێت بۆ شیکردنەوەی ملیۆنان کاتژمێر ڤیدیۆ بە مەبەستی ڕاوەدوو نانی ئامانجەکان.
سەرباری ڕێوشوێنە توندەکانی ڕووسیا، هاککەرێکی سەربەخۆی ئۆکرانی ڕایگەیاند کە کامێراکانی مۆسکۆ و دەوروبەری کرملین هێشتا کاردەکەن و بە بەردەوامی هاک دەکرێن، بەڵام ئامادەنەبوو بڵێت ئایا ئۆکرانیا توانای شیکردنەوەی ئەم زانیارییە زۆرانەی هەیە یان نا، لە کاتێکدا ئەمریکا و بەریتانیا پێشتر زانیاریی وردی هەواڵگرییان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە داوەتە ئۆکرانیا.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕوونی کردەوە کە ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی کانونی یەکەمی 2025دا کامێرای نوێی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەماوەر جێگیر کردووە. بەرپرسێکی ناوچەکەش ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل توانیویەتی لە کاتی ڕاستەقینەدا هاکی ئەو کامێرانە بکات و زانیاریی گرنگ لەسەر ناسنامەی هێزەکانی "بەسیج" بەدەستبهێنێت.
لە مانگی ئازاردا، کاتێک هێزەکانی بەسیج خاڵی پشکنینیان دانا، ئیسرائیل توانی ناسنامەی چەکدارەکان بە وردی دیاری بکات، سەرەڕای ئەوەی چەکدارەکان جلی فەرمیی خۆیان نەپۆشیبوو بۆ شاردنەوەی ناسنامەیان. ئەم ناسینەوەیە لە ڕێگەی شیکردنەوەی زانیاریی کۆکراوەی کامێرای ئۆتۆمبێلەکان، کامێراکانی هاتوچۆ، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و شیکردنەوەی شێوازی جووڵە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.