شارپرێس:
عێراق شایەتی مشتومڕێکی
توندە لەسەر داهاتوی چەکو ڕۆڵی هێزە چەکدارەکان، هاوکات لەگەڵ بونی گوشار بۆ سەرلەنوێ
ڕێکخستنەوەی حەشدی شەعبیو قەتیسکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، لەبەرامبەردا حکومەتی
هەرێمی کوردستان دەست بەپێگەی دەستوریی سەربەخۆی هێزەکانی پێشمەرگەوە دەگرێت، ئەمەش
لەکاتێکدایە کە حساباتی ناوخۆییو ململانێ هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان بۆ سەپاندنی هەژمون
تێکەڵ بەیەک بون.
لەمانگەکانی ڕابردودا،
دۆسیەی چەک لەعێراق دوبارە گەڕایەوە پێشەوەی گفتوگۆ سیاسییو ئەمنییەکان، ئەمەش بەهۆی
پەرەسەندنی دەنگۆکان لەسەر ڕێکخستنی نوێ بەمەبەستی قەتیسکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتو
سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێگەی لایەنە چەکدارەکان.
لەکاتێکدا کە گوشارو
گفتوگۆکان لەسەر داهاتوی حەشدی شەعبیو ئەو گروپانهى بەستراونەتەوە پێیەوە چڕبونەتەوە،
پرسیارگەلێکی زۆریش سەرهەڵدەدەن سەبارەت بەوەی ئایا ئەم ئاڕاستەیە هێزەکانی پێشمەرگەش
لەباشوری کوردستان دەگرێتەوە؟ کە ئەمەش لەلایەن سەرکردایەتی کوردەوە بەتەواوی ڕەتدەکرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، تۆم
باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریاو عێراق پێشوازیی لەهەر هەنگاوێک کرد کە ببێتە
هۆی خستنەژێری چەک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا کە ئەمەش لەلایەن هەندێک هێزی حەشدی
شەعبییەوە وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی سەربازیی سەربەخۆیانو کۆتاییهێنان بەهەژمونیان
سەیر دەکرێت.
لهژێر سێبهری ئەم پێشهاتانەدا،
هەندێک لەگروپهكانى وەک (عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتیبەکانی ئیمام عەلیو سەرایا سەلام)
ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکارەکانی ڕێکخستنی چەکو تێکەڵاوبون
لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لەکاتێکدا گروپهكانى دیكهى وەک (کەتیبەکانی حزبوڵڵاو
بزوتنهوهى نوجەبا) هێشتا ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەستبکەن یان دەستبەرداری پێکهاتە
سەربازییە سەربەخۆکەیان بن.
پێشمەرگە وەک هێزێکی دەستوریی
نەک گروپى چهكدار
لەلایەکی دیكهوه،
حکومەتی ههرێمى کوردستان هەر هەوڵێک بۆ بەستنەوەی دۆسیەی حەشدی شەعبی بەچارەنوسی
هێزەکانی پێشمەرگەوە ڕەتدەکاتەوە، پارتە کوردییەکان جەختدەکەنەوە، پێشمەرگە گروپێكى
چەکداریی دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو هێزێکی سەربازیی یاساییه کە
پشتبەستوە بەدەستوری عێراقو ئەو دەسەڵاتانەی بهگوێرهى مادەی 121 بەهەرێم دراون،
کە ڕێگە بەحکومەتی ههرێم دەدات هێزە ئەمنییو سەربازییەکانی خۆی ڕێکبخات.
سەرکردایەتی کورد ڕایدەگەیەنێت،
بەراوردکردنی نێوان حەشدی شەعبیو پێشمەرگە، چاوپۆشی لەجیاوازییە یاساییو سیاسییەکانی
نێوان هەردولا دەکات، لەکاتێکدا کە مشتومڕ لەسەر لایەنە چەکدارەکانی سەر بەحەشدو
ئاستی سەربەخۆیی بڕیارە سەربازییەکانیان هەیە، هێزەکانی پێشمەرگە هێزێکی فەرمینو
لەژێر زنجیرە فەرماندەییەکی ڕوندانو لەچوارچێوەی دەستوری ناسراوی عێراقدا کاردەکەن.
لەکۆتایی مانگی ئایاری
2026دا، بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بونی هەر داواکارییەکی
فەرمی بۆ تێکەڵکردنی پێشمەرگە لەناو دامەزراوەیەکی فیدراڵی یان وەزارەتێکی ئەمنی
(کە دەنگۆی دروستکردنی هەیە لەداهاتودا) ڕەتکردەوە، هەروەها بەرپرسانی کورد جەختدهكهنهوه،
هەر هەنگاوێکی لەمشێوەیە پێویستی بەهەموارکردنەوەی دەستوریی عێراق هەیە کە دەستکاری
سروشتی سیستمی فیدراڵی ئێستای وڵات دەکات.
هەندێک لەبەرپرسانی
کورد زیاتر دەڕۆنو پێیانوایە، تێکەڵکردنی پێشمەرگە یان نەهێشتنی تایبەتمەندییە یاساییەکەی،
ڕێگە خۆشدەکات بۆ سەرلەنوێ پێداچونەوە بەپێگەی هەرێمی باشوری کوردستان خۆییو دەسەڵاتە
دەستورییەکانیشى.
ململانێی زلهێزەکان لەسەر
خاکی عێراق
بەڵام ئەم مشتومڕە تەنها
لەچوارچێوەی یاساییو ڕێکخستندا کورتنابێتەوە، بەڵکو بەستراوەتەوە بەململانێیەکی بەرفراوانتر
لەسەر شێوازی دەوڵەتی عێراقو هاوسەنگی هێز لەناوخۆیدا. دۆسیەی چەک بوەتە گۆڕەپانێک
کە تێیدا حساباتی ناوخۆیی لەگەڵ بەرژەوەندیی هێزە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان تێکەڵدەبن،
کە هەریەکەیان بهگوێرهى ئەولەویەتە ئەمنیو ستراتیژییەکانی خۆی دەیەوێت کاریگەری
لەسەر هاوسەنگییەکانی هەژمون لەعێراقدا دروستبکات.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا
هانی بەهێزکردنی قۆرخی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دەداتو هەوڵی کەمکردنەوەی هەژمونی ئەو
هێزە چەکدارانە دەدات کە بەوتەی خۆی "نزیکن لەئێرانەوە"، ئەمەش لەسەر بنەمای
"تێڕوانینی خۆی بۆ ئاسایشی هەرێمیو بەرژەوەندییەکانی لەناوچەکەدا"، لەبەرامبەردا،
ڕەخنەگرانی ئەم سیاسەتە پێیانوایە، واشنتۆن زۆرجار بهگوێرهى پێوەری نزیکی یان
دوریی هێزە عێراقییەکان لەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە مامەڵە دەکات، ئەمەش پرسیار
دەوروژێنێت کە ئایا ئەم هەوڵانە بۆ بونیادنانی دامەزراوەی دەوڵەتێکی یەکگرتون بەشێوەیەکی
یەکسان، یان بۆ سەرلەنوێ کێشانەوەی هاوسەنگی هێزی ناوخۆیین بەجۆرێک لەگەڵ ڕێکخستنە
هەرێمییە بەرفراوانەکاندا بگونجێت.
سەبارەت بەتورکیا، ئەنكەرە
لەگۆشەیەکی جیاوازەوە سەیری دۆخەکە دەکات، بەڵام بەهەمانشێوە بەستراوەتەوە بەحساباتی
هەژمونەوە، ئەنكەرە تێبینیو نیگەرانی ڕوونی هەیە بەرامبەر گەشەکردنی هەژمونی حەشدی
شەعبی لەهەندێک ناوچەی نزیک لەسنورەکانیو ناوچەکانی دیكهى جێی بایەخی ستراتیژی خۆی،
ئەمەش لەبەر ترسی لەگەورەبونی ڕۆڵی ئێران لەعێراقدا، لەبەرامبەردا، چاودێریی هەر پێشکەوتنێکی
توانای سیاسیی یان سەربازیی کورد دەکات لەبەر ترسی ڕەنگدانەوەی لەسەر مەلەفی ناوخۆیی
خۆی، ئەمەش وایکردوە هەڵوێستی بەرامبەر پرسەکانی ئاسایشی عێراق بەستراوبێت بەو شتەی
پێی دەڵێت "ئاسایشی نەتەوەیی خۆی".
چاودێران پێیانوایە، عێراق
دوبارە خۆی لەناو دڵی ململانێیەکی هەرێمیو نێودەوڵەتیدا دەبینێتەوە کە دەیەوێت
کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی ئەمنیو سەنتەرەکانی هێز لەناوخۆیدا دروستبکات، کاتێک
دروشمی پشتگیریکردنی دەوڵەتی عێراقو بەهێزکردنی دامەزراوەکانی بەرزدەکرێتەوە، ئەم
هەڵوێستانە زۆرجار لەژێر کاریگەری حساباتی جیۆپۆلەتیکیو بەرژەوەندییە ئاڵۆزەکاندان
کە دۆسیەی چەک دەکەنە ئامرازێک لەناو ململانێیەکی بەرفراوانتر بۆ سەپاندنی هەژمون
لەناوچەکەدا.
لەنێوان ئەم دوو ڕێڕەوەدا،
جیاوازییەکە بەتەواوی ڕونە؛ حەشدی شەعبی ڕوبەڕوی گوشاری بەردەوام دەبێتەوە بۆ پێناسەکردنەوەی
ڕۆڵی سەربازییو پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتدا، لەکاتێکدا پێشمەرگە دەست بەپێگەی دەستوریی
تایبەتی خۆیەوە دەگرێتو هەر پرۆژەیەک بۆ تێکەڵکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ڕەتدەکاتەوە.
