شارپرێس:
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لەدیدارێكدا لەپاریس لەگەڵ تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لەتورکیاو نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سوریاو عێراق، پشتگیریی بەردەوامی پاریسی بۆ سەروەریی، یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی سوریا، عێراقو لوبنان بەتوندی دوپاتکردەوە.
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی کۆشکی ئەلیزێ، ماكرۆن لەکاتی پێشوازیکردنی لەباراک، ئاماژەی بەپابەندبونی وڵاتەکەی کردوە بەدامەزراندنی سوریایەکی نوێی گشتگیر کە تەواو ڕێز لەمافەکانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سوریی بگرێت.
هەروەها جەختی لەپاڵپشتیکردنی تەواوی هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنانو عێراق کردوهتەوە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسایی دەوڵەتو کۆنترۆڵکردنی تەواوی چەک لەدەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا.
ترەمپ لە 31ی ئایاردا دانانی تۆم باراکی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ سوریاو عێراق ڕاگەیاند، ئەمەش لەچوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەمریکاو حکومەتەکانی عێراقو سوریادا دێت.
ترەمپ لەپۆستێکی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا گەشەسەندنی بەردەوام بەخۆوە دەبینێتو ستایشی کارەکانی باراکی کرد وەک باڵیۆز لەئەنكەرە کە کارێکی زۆر نایاب بوە.
لەکاتێکدا پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆتاییهاتنی ئەرکی فەرمیی باراکی وەک نێردەی تایبەت ڕاگەیاندبوو، بەڵام جەختیکردەوە، ئەو بەردەوامدەبێت لەگێڕانی ڕۆڵی سەرکردایەتیی لەئیدارەی ترەمپدا بۆ دۆسیەی سوریاو عێراق.
