شارپرێس:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سوریاو لوبنان گەیشتونەتە ئاستێک کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروستدەکەن، ئەم لێدوانە توندە، ناوچەکەی خستوەتە بەردەم قۆناغێکی نوێ لەئاڵۆزیی جیۆپۆلەتیکی.
فراوانبونی بازنەی شەڕ لەدەوروبەری تورکیا، چەندین مەترسیی ستراتیژییو ئەمنی بۆ سەر ئەنەرە دروستدەکات، چاودێرانى سیاسیى دهڵێن، "هەر داڕوخانێکی ئەمنی لەدیمەشق، دەبێتە هۆی چالاکبونەوەی گروپە چەکدارە نەیارەکانی تورکیا (وەک پەکەکەو یەپەگە) لەسەر سنورەکانی، زیادبونی هێرشەکان بۆسەر سوریاو لوبنان، مەترسی کۆچی ملیۆنان ئاوارەی نوێ بۆ ناو خاکی تورکیا دروستدەکات، کە ئەمەش بارگرانییەکی قورسی ئابورییو کۆمەڵایەتییە بۆ ئەنكەرە".
ههروهك چاودێران باس لهوهدهكهن، شەڕی ئیسرائیل تەنها لەسەر وشکانی نییە؛ کێبڕکێی وزەو هەژمون لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، تورکیاو قوبرسی باکور دەخاتە ناو بازنەی ململانێی ڕاستەوخۆی دەریاییهوه، هاوكات ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێڕەوە بازرگانییەکانی تورکیا پەکدەخاتو وەبەرهێنانی بیانی لەناوچەکەدا کەمدەکاتەوە.
ئەم پەیامەی ئەردۆغان نیشانیدەدات کە تورکیا چیتر خۆی وەک چاودێرێک نابینێت لەململانێی ئیسرائیلو وڵاتانی عەرەبیدا، بەڵکو پێیوایە جوگرافیای شەڕەکە بەخێرایی بەرەو سنورەکانی ئەویش درێژدەبێتەوە، لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەریدەخەن کە بەرەی شەڕەکە تەنها غەززەو لوبنان نییە، بەڵکو گۆڕینی نەخشەی هەژمونی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
