شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕوانی ئاشتیو گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی دەکرد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتوی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە لەئاسمانی گەروی هورمز، هاوکێشە سیاسییەکانی سەرەوژێر کردەوەو ناوچەکەی خستە بەردەم مەترسیی تەقینەوەیەکی گەورەی سەربازیی؛ دۆناڵد تڕەمپ بەتوندی هۆشداریی تۆڵەکردنەوە دەداتو هاوڕێ لەگەڵ چڕبونەوەی هێرشە زۆر توندهكانى سەر لوبنان، زەنگی شەڕێکی بەرفراوان لێدراوە.
لێدانی فڕۆکە پێشکەوتوەکە؛ بازدان بەسەر هێڵە سورەکاندا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا شهوى ڕابردوو بەفەرمی ڕایگەیاند، هێزەکانی ئێران یەکێک لەفڕۆکە هەرە پێشکەوتوەکانی ئەوانیان لەجۆری (ئاپاچی) لەکاتی پاسەوانیکردندا لەئاسمانی گەروی هورمز خستوەتە خوارەوە، ترەمپ بەزمانێکی توند هۆشدارییداو وتی، "پێویستە وەڵامی ئەم کارە بدەینەوە"، ئەم ڕوداوە نەک هەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پەکخستوه، بەڵکو پێگەی هێزە جیهانییەکانی خستە بەردەم پێکدادانی ڕاستەوخۆ، سەرەڕای ئەوەی کە ڕاگەیەندراوە سەرنشینانی ناو فڕۆکە جەنگییەکە سەلامەتن.
ئاگر لەسنورەکان؛ بۆردومانی قورسو ناچارکردن بەکۆچ
هاوشانی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، گۆڕەپانی لوبنانیش بەتەواوی تەقیوەتەوە؛ هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشوری لوبنان گەیشتونەتە لوتکەو بەهۆی بۆردومانی سەر شارۆچکەکانەوە 12 کەس گیانیان لەدەستداوەو 29ی دیكه برینداربون، ئهمه ئامارى تاوهكو 12ى شهوى ڕابردوه، هاوكات گەورەترین مەترسیش ئێستا لەسەر شاری مێژویی (صور)ە، کە کەوتوەتە ژێر بۆردومانی قورسو هۆشداریی بەپەلە بەدانیشتوانەکەی دراوە کە بەناچاری شارەکە چۆڵبکەنو کۆچبکەن.
دزەکردنی چەکدارانو بەردەوامیی پشکنینەکان
مەترسییەکانی شەڕی زەمینیش لەسەر سنورەکان بەدیدەکرێن؛ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندوه، هێزەکانیان لەناوچەی شاخاویی (ڕامیم) لەباکور، دزەکەرێکی چەکداریان کوشتوە کە لەسنوری لوبنانەوە هاتبوو و تەقەی لەهێزەکانیان کردبوو، سوپا هۆشداریدەدات کە پشکنینی ناوچەکە بەپاڵپشتی بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکان لەئاسماندا هێشتا کۆتایی نەهاتوە،
ئەم پێشهاتە خێرایانە نیشانەی ئەوەن کە ناوچەکە لەسەر لێواری کارهەساتی کۆتایی وەستاوە؛ ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران لەلایەکو تەقینەوەی دۆخی لوبنان لەلایەکی دیكه، زەنگی هۆشداریی ئەوەن کە چەند کاتژمێری داهاتوو چارەنوسساز دەبن بۆ دیاریکردنی چارەنوسی تەواوی ناوچەکە.
