هه‌واڵێكى خۆش بۆ موچه‌خۆران.. حكومه‌تى عێراق په‌یامێكى گرنگ بڵاوده‌كاته‌وه‌

ئابوری

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا کە دەنگۆی جیاواز لەسەر دۆخی ئابوریی هەیە، وتەبێژی حکومەت پەیامێکی گرنگ‌و دڵنیاکەرەوە ئاڕاستەی هاوڵاتیان‌و فەرمانبەران دەکات‌و ڕایدەگەیەنێت، کۆڵەکەی بژێوی ئەوان پارێزراوە، ده‌شڵێت، "موچەی خەڵکی کوردستان گەرەنتیکراوە".


حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، حکومەت پابەندبونی تەواوی هەیە بەدابینکردنی موچەی فەرمانبەران‌و دۆخی دارایی وڵاتیش بەتەواوی سەقامگیرە، ئەمەش لەسایەی هەماهەنگی‌و کارکردنی ڕێکوپێکی نێوان بانکی ناوەندیی‌و وەزارەتی دارایی کە ڕێگەنادەن هیچ لەمپەرێک بکەوێتە بەردەم شایستە داراییەکانی خەڵک.

لەڕوانگەی داهاتوشەوە، عەبودی وتى، "ئامادەکردنی بودجەی ساڵانی 2026 یان 2027 سپێردراوە بەوەزارەتی دارایی، بەڵام گۆڕانکارییە گەورەکە لەجۆری خەرجکردندایە؛ حکومەت بڕیاریداوە بەرەو بودجەی بەرنامەکان هەنگاوبنێت بەهاوکاری بانکى نێودەوڵەتی‌و لیژنەی دارایی پەرلەمان، بەئامانجی باشترکردن‌و شەفافکردنی سیاسەتی خەرجکردنی پارەی گشتیی".

ئەم هەنگاوانە تەنها ناوخۆیی نین، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕەنگدانەوەیان دەبێت، لەو ڕوه‌شه‌وه‌ وتەبێژی حکومەت ئاشکرایکرد، "سەردانی داهاتوی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن چەندین دۆسیەی گرنگ لەخۆدەگرێت کە لەسەروی هەمویانەوە دۆسیەی ئابورییە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە حکومەت لەناوجەرگەی ئاڵۆزییە ئەمنی‌و ئابورییەکاندا، بەپلانێکی داڕێژراوو حەکیمانە کارەکانی بەڕێوەدەبات".

سه‌باره‌ت به‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستانیش، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق دڵنیاییداو ڕایگەیاند، "ته‌واوى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران‌و موچه‌خۆرانى عێراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، گەرەنتیکراوەو هیچ مه‌ترسییه‌كى له‌سه‌ر نییه‌".

لەکۆتاییداو لەسەر ئاستی ناوخۆ، عەبودی هیوای خواست کە بەمنزیکانەو لەڕێگەی تەواوبونی ڕێککەوتنە سیاسییەکانەوە کابینەی حکومەت تەواوبکرێت، هاوکات جەختیشی لەسەر بڕیارێکی گرنگ‌و چارەنوسساز کردەوە، ئەویش بەڵێنی سەرۆک وەزیرانە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک‌و هێشتنەوەی تەنها لەژێر دەستی دەوڵەتدا لەماوەیەکی دیاریکراودا، بۆ مسۆگەرکردنی ئارامی‌و سەقامگیریی هەمیشەیی بۆ هاوڵاتیان.