سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی لەنێوان کوردبون‌و سۆفیبون‌و ئیسغلالی "تەسەوفی جیهادی"دا

توێژینەوە و شیکاریی

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

د. مەجید ساڵح

(١)
مێژوونووسانی کۆن و هاوچەرخ لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی بە عەرەب، و تورک فارس هەر هەموویان دەربارەی ڕەچەڵەکی سەلاحەدینی ئەیوبی، کە کوردە هاوڕان؛ تەنانەت مێژوونووسە هاوچەرخەکانی عەرەب و ناسیۆنالیستەکانیشیان کەمترین گومانیان لە کوردبوونی ئەو و بنەماڵەکەی (ئەیوبییەکان) نەبووە و نییە.

سەرچاوە مێژووییە سەرەتاییەکان، وەک نووسینەکانی ئیبن ئەسیر و ئیبن خەلەکان (کە خۆی هاوچەرخی سەردەمی ئەیوبییەکان بووە)، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە بنەماڵەی سەلاحەدین لە هۆزی کوردی «ڕەوادی» بوون و لە شاری دوین لە ئەرمینیاوە هاتوونەتە عێراق.

ئەم کۆدەنگییە زانستییە نەک هەر لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسان و مێژوونووسانی ڕۆژئاواییەوە پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵکو لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی عەرەب و تورکیاشدا وەک ڕاستییەکی بڕاوە سەیر دەکرێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی سەلاحەدین وەک سەرکردەیەکی گەورەی جیهانی ئیسلامی خزمەتی کردووە، بەڵام ڕەچەڵەکی نەتەوەیی ئەو وەک کوردێک لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا نەبووەتە جێی ناکۆکی جدی.

(٢) 
ئایا سوڵتان سەلاحەدین سۆفی بوو؟!
سەلاحەدینی ئەیوبی هەرگیز سۆفی نەبووە و ڕێبازی تەسەوفی نەگرتووەتەبەر، بەڵکو پیاوی جەنگ و سیاسەت بوو ، لەسەر فیقهی شافعی و بیروباوەڕی ئەشعەری گۆشکرابوو، بەڵام وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر مامەڵەی لەگەڵ سۆفییەکاندا دەکرد.

بەڵگەی سۆفی نەبوونی سەلاحەدین ئەوەیە کە ناوی نەچووەتە پاڵ هیچ تەریقەتێک و خەرقەی سۆفایەتی نەپۆشیوە، بەڵکو تەواوی کاتی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و سەرکردایەتی سوپا تەرخان کردبوو؛ تەنانەت کاتێک "خانەقای سەعیدوسەعەدا"ی (یەکەم دامەزراوەی فەرمی سۆفیگەری لە میسر) دامەزراند، بۆ بەکارهێنانیان، بگرە مەرجی دانا کە دانیشتوانی لە سۆفییە غەریبەکان (ئەوانەی لە دەرەوەی میسرەوە هاتبوون)، تاوەکو لە سیاسەتی ناوخۆیی دووریان بخاتەوە و دڵسۆزییان بۆ دەوڵەتی نوێی ئەیوبی مسۆگەر بکات لە دژی پاشماوەی فاتیمییەکان.

لەم ڕوانگە پراگماتییەوە، سەلاحەدین سەرکەوتووە بوو لە گۆڕینی تەسەوف لە گۆشەگیری و زوهدەوە بۆ "تەسەوفی جیهادی" کە خزمەت بە پرۆژە سەربازییەکەی بکات. لەبری شەڕکردن بۆ دەستکەوتی سیاسی، شێخانی سۆفی و قوتابییەکانیانی لە سەربازگەکاندا وەک سەرکردەی ڕۆحی بەکارهێنا بۆ خوێندنەوەی فەرموودەکانی جیهاد و بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکانی، هەروەها لەسەر سنوورە کەنارییەکان "ڕیباط"ی (قەڵای زیکر و جەنگ) بۆ دروستکردن تا لە شوێنی عیبادەتەوە ببنە قەڵای سەربازی بۆ پاراستنی سنوورەکان؛ بەمەش سوودی لە وزە ڕۆحییە گەورەکەیان وەرگرت وەک سووتەمەنییەکی مەعنەوی لە جەنگی حەتین و ڕزگارکردنی قودسدا، بێ ئەوەی خۆی هەرگیز بچێتە سەر ڕێبازەکەیان یان تێکەڵی شێوازی ژیانی ڕۆحییان ببێت.