چی وایکرد ئێران سەرکەشیی بەدەستپێشخەریی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بکات؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەڵامە توندەکەی ئێران بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، لەوانەیە لە یەکەم سەرنجدا وەک کارێکی سەرکێشانە دەربکەوێت کە ناوچەکە بەرەو شەڕێکی وێرانکەر دەبات، بەڵام بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی تاران، ئەمە بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی هێرشبەرانە کە پێیان وایە هێزی مانەوە و پێگەی باڵایان پێ دەبەخشێت.

 

لەوبارەیەوە ئۆمید میماریان، شارەزای کاروباری ئێران پێی وایە تاران دەیەوێت بەم هەنگاوە توانای خۆی بۆ پەرەسەندنی ململانێکان نیشان بدات و پەیامی ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بنێرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەژێر سایەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێراندا، وڵاتەکە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیاتر وریا بوو، بە جۆرێک لە ساڵی 2020 پاش کوژرانی قاسم سلێمانی پەرچەکردارێکی سنوورداری هەبوو، تەنانەت لە شەڕی 12 ڕۆژەی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووشدا تەنیا یەک بنکەی ئەمریکی لە قەتەر کردە ئامانج. لە هەفتەکانی ڕابردووشدا، تاران لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا بێدەنگ بوو بەو مەرجەی هێرشەکان لە سنووری باشووری لوبنان بمێننەوە، بەڵام کاتێک ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکشەممەدا هێرشەکانی بۆ سەر جێپێگەی حزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت فراوانتر کرد، هاوکێشەکە گۆڕا.

سادق لاریجانی، سەرۆکی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم، ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە ڕاگەیاندنی عەقیدەیەکی ستراتیژی نوێیە کە تێیدا پارێزگاریکردن لە هەر پێکهاتەیەکی بەرەی مقاوەمە، سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنێت و هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت.

ناوبتاو دەڵێت: سەرکردە نوێیەکانی ئێران، پاش دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شوباتی ڕابردوودا کە بووە هۆی کوژرانی بەشێکی زۆری سەرکردایەتیی پێشوو لەوانەش خامنەیی، پێیان وایە ئەم سیاسەتە توندە نەک هەر پاراستوونی، بەڵکو لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزەوە زیانی ئابووریی گەورەی بە نەیارەکانیان گەیاندووە.

جەختیشی کردۆتەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نەرمی زیاتری بەرامبەر ئەم ستراتیژییە نوێیە نیشانداوە، کاتێک پاش هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە داوای لە هەردوولا کرد پاشەکشە بکەن، ئەمەش وایکرد سوپای پاسداران ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕابگەیەنێت بە مەرجی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل.

هەروەک حەمیدڕەزا عەزیزی، توێژەری ئەمنیی، ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتنەوەی توانای حزبوڵڵا بۆ ئێران گرنگە تا بتوانێت سەرنجی هێرشەکانی بخاتە سەر وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو. لەلایەکی دیکەوە، فەرزان سابت، توێژەری کاروباری ئێرانی، دەڵێت تاران دڵنیایە کە ترەمپ بەهۆی میوانداریکردنی مۆندیال و قەیرانی ئابووریی و هەڵبژاردنەکانی پاییزی داهاتووەوە، خۆی ناخاتە ناو شەڕێکی بەرفراوانەوە و ئەگەر ئەوەش ڕووبدات، دەتوانن دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.