شارپرێس:
وەزیری دارایی عێراق لەکۆبونەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرک و تیمی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، گفتوگۆیان کرد لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگی (ئەسیکۆدا) و ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
حکومەتی عێراق هەنگاوەکانی بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنورییەکان و کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان خێرادەکات و فالح سارێ، وەزیری دارایی عێراق، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی بەرفراوانی کرد بۆ بەدواداچونی چۆنیەتی بەڕێوەچونی پڕۆژەی نیشتمانیی سیستمی گومرگی (ئەسیکۆدا)، لەکۆبونەوەکەدا بڕیار درا ، سەرەتای مانگی داهاتوو قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە دەستپێبکات.
وادەی دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران راگەیەندرا
هاوکات، لەکۆبونەوەکەدا باسکرا لەکارە جێبەجێکراوەکانی قۆناغەکانی پێشوو گفتوگۆ کرا لەسەر پێداویستییە تەکنیکییەکانی قۆناغی داهاتوو.
وەزیری دارایی وتی، سیستمی ئەسیکۆدا یەکێکە لەکۆڵەکە سەرەکییەکانی مۆدێرنکردنی بەڕێوەبردنی گومرک، چونکە دەبێتە هۆی ڕونی و شەفافیەت، بەهێزکردنی چاودێری و بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتە ناونەوتییەکانی دەوڵەت.
لەلایەکی ترەوە، پامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گومرکەکان جەختی کردەوە کە تەواوی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانیان بۆ ئەم هەنگاوە نوێیە کراوە و وتی، قۆناغی سێیەم گۆڕانکارییەکی گەورە لەبەڕێوەبردنی کارەکاندا دروست دەکات و ئاستی چاودێریی ئەلیکترۆنی لەسەرجەم دەروازە و مەڵبەندە گومرگییەکاندا فراوانتر دەبێت.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆنکتاد) ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی تەکنیکی دربڕی و دەستخۆشییان لەو پێشکەوتنە خێرایە کرد کە عێراق لەم بوارەدا بەدەستی هێناوە.
