حکومەتی هەرێم: بەزوترین کات هەناردەی نەوت دەسپێبکاتەوەو داهاتەکەشی بۆ گەنجینەی فیدراڵ بێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 191 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکو لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە بەرزترین ئاستی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و داهاتەکەش بۆ گەنجینەی فیدراڵ بێت، هاوکات داوش لەحکومەتی فیدراڵ دەکات پێداچونەوە بە بڕی ئەو 120 ملیار دینارەدا بکات کە داهاتی نانەوتی رادەستی عێراق دەکرێت، چونکە ئەو داهاتە بە رێژەی 70% دابەزیوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دۆسیەی نەوت و داهاتەکانی تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیەنراوی کۆبونەوەکە، سەرۆک وەزیران پێشنیاری هێنانەکایەی "دەستەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی" کرد، کە لە وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەردوو حکومەت پێکبێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانیش، پشتگیری خۆی بۆ پێشنیارەکە دەربڕی و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بە دامەزراوەییکردنی چارەسەری کێشەکان و رۆڵێکی ئەرێنی لە نێوان هەردوولادا دەگێڕێت. ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاردرا ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکو لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە بەرزترین ئاستی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و داهاتەکەش بۆ گەنجینەی فیدراڵ بێت. هەروەها جەختکرایەوە کە پێویستە کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکەنەوە، دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵ دڵنیایی داوە لە پاراستنی ئاسایشی کەرتی وزە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" لە بڕگەی کۆتاییدا، پرسی داهاتە ناوخۆییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" تاوتوێ کرا. وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی لەسەر داهاتی پێنج مانگی یەکەمی 2026 خستەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی داهات بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ کراوە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و جەنگ و یەکلایی نەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا ".

هاوکات، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد پێداچوونەوە بە بڕی ئەو 120 ملیار دینارەدا بکات کە وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ دیاریکراوە.

سەبارەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجوومەنی وەزاریی فیدراڵ بۆ کاروباری ئابووری، ئەو لەیەکترتێگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ واژۆ کراوە، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی دەروازەکان و بووژانەوەی بازاڕ کە لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدایە.