شارپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەممە، کرێکارێک لەکاتی کارکردن لە کارگەی
ستیلی سلێمانی گیانی لەدەستدا، دوێنێش کرێکارێکی دیکە لەکاتی کارکردن لە دەربەندیخان برینداربوو.
عوسمان زیندانی،
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس وتی،"
لەکارگەی ستیل لەبازیان کرێکارێکی بەڕەچەڵەک عەرەب لەکاتی کارکردن گیانی لەدەستداوە، کە تەمەنی 52 ساڵ بوەو لەئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانی توێکاری بۆ دەکرێت ".
ئەوەشیخستەڕوو، دوێنێ سێشەممەش، کرێکارێکی دیکە لەقەزای دەربەندیخان لەکاتی کارکردن برینداربوو، کە بەرەچەڵەک کوردە و خەڵکی قەزای دەربەندیخانە و تەمەنی 23 ساڵە.
عوسمان زیندانی راشیگەیاند، ئەو کرێکارەی دەربەندیخان لەکاتی کارکردن لە کارگەی بەرد هاڕین قۆڵێکی لێبۆتەوە.
سەرۆکی سەندیکای
کرێکارانی بیناسازیی هۆکاری ڕوداوەکەی سلێمانی و گیان لەدەستدانی کرێکارەکەی ئاشکرانەکرد، بەڵام بڕیارە پاش کەمێکی دیکە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
وردەکاری روداوەکە باس بکات.