زانیاریى مەترسیدار له‌باره‌ى دۆخی كۆچبه‌رانى کورد لەلیبیا ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێكى نوێی تۆڕی میدیایی "BBC" پەردە لەسەر تراژیدیایەکی مرۆیی قورس لادەدات، کە تێیدا زیاتر لە 300 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان لەناوچە جیاوازەکانی لیبیا کەوتونەتە دەست گروپە چەکدارەکان‌و ڕوبەڕوی ڕفاندن، ئەشکەنجەدان‌و سەرانەسەندن بونەتەوە، ئەمەش لەکاتی هەوڵدانیاندا بۆ گەیشتن بەئەوروپا لەڕێگەی کۆچی نایاساییەوە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرته‌كه‌، ئەم کۆچبەرانە بڕە پارەیەکی زۆریان بەتۆڕەکانی قاچاخچێتی داوە کە لەلایەن قاچاخچییانی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن، بەتایبەت قاچاخچییەکانی شاری ڕانیە، کە هاوئاهەنگی‌و پەیوەندییان لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکانی لیبیادا هەیە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران لەڕێگەی باکوری ئەفریقیاو دەریای ناوەڕاستەوە.

ئه‌و ڕاپۆرته‌ى بى بى سى وتویه‌تى، "گروپە چەکدارەکان لەلیبیا کۆچبەرەکانیان لەهاوینی ساڵی 2025وە لەکۆمەڵگەی داخراوو توندوتۆڵدا دەستبەسەرکردوە، پاشان داوای سەرانەی داراییان لەبنەماڵەکانیان کردوە کە بڕەکەی دەگاتە 5000 دۆلار بۆ هەر کەسێک، خێزانی کۆچبەرەکانیش ڕایانگەیاندوە کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان لێکراوە؛ ئەگەر پارەکە بەخێرایی نەنێرن، دەبێت لەڕێگەی پێدانی گورچیلەی ڕۆڵەکانیانەوە باجەکەی بدەن".

ڕزگاربوانی ئەو دۆزەخە باس لەبارودۆخێکی مرۆیی کارەساتبار دەکەن، مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵان کە ماوەی شه‌ش مانگ لەزیندانێکی قەرەباڵغدا بوە، دەڵێت، "زیاتر لە170 کەس لەیەک ژوردابوین، بەهۆی کەمیی شوێنەوە بەدانیشتنەوە دەخەوتین‌و تەنها یەک wcو ده‌ستشۆرمان هه‌بوو، زۆرجار لەڕۆژێکدا تەنها یەک لەتە نانمان پێدەدرا."

دوای ئازادکردنی بەشێک لەکۆچبەرەکان، خێزانەکانیان وێنەی چەند برین‌و شوێنەوارێکی نەشتەرگەرییان لەسەر جەستەی ڕۆڵەکانیان بڵاوکردوه‌تەوە.

پزیشکێکی ڕاوێژکار لەبەریتانیا دوای بینینی وێنەکان ڕایگەیاندوە، شێوازی برینەکان بەتەواوی لەگەڵ ئەو بڕینە نەشتەرگەرییانەدا دەگونجێت کە بۆ دەرهێنانی گورچیلە بەکاردێن.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانیش پێشبینیدەکەن کە چەندین کۆچبەر ناچارکرابن لەپێناو ئازادییاندا، ئەندامانی جەستەیان ببەخشن، هه‌روه‌كو ڕاپۆرتەکە باسیكردوه‌، لانی کەم یەک کۆچبەر لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوەو چارەنوسی ژمارەیەکی دیکەش هێشتا نادیارە.

ڕاپۆرتەکەی بی بی سی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، بێسەروبەریی ئەمنیی‌و دابەشبونی سیاسیی لەلیبیا، ژینگەیەکی لەباری بۆ گەشەکردنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە ڕەخساندوە، بەشێوەیەک سەرەڕای بڵاوبونەوەی ئەم بەڵگەنامە مەترسیدارانە، بەرپرسانی خۆجێیی لەهەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکەن، هێشتا شەپۆلی کۆچی گەنجان بەردەوامە. 

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وتویانە هەوڵدەدەن لەڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکی ڕزگاربوانەوە گەنجان هۆشیاربکەنەوە، بەڵام قەیرانی دارایی‌و بێکاریی پاڵنەری سەرەکین بۆ ئەوەی گەنجان ئەم سەرکێشییە کوشندەیە دوبارەبکەنەوە.

یەکێک لەبەرپرسەکان دەڵێت، "مەینەتییە گەورەکە ئەوەیە کە ئێمە هەموو ئەم کارەساتانە دەبینین، کەچی خەڵکی هێشتا لەهەوڵدان ناوەستن".