ئێران بۆ میلیشیا عێراقییەکان: چەکەکانتان رادەست مەکەن

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 265 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی "حوڕڕە"ی ئەمریکی کە پشتی بە سەرچاوە سیاسی و ئەمنییە ئاگادارەکان بەستووە، ئاشکرای کردووە کە دوای متمانەدان بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، کەسایەتییەکانی سەر بە سوپای پاسداران پەیامێکی ئێرانییان گەیاندووەتە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق.


سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئێران لەو پەیامەدا ڕایگەیاندووە کە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی چەک وەک پرسێکی ناوخۆیی عێراق ڕەت دەکاتەوە و ڕێگە نادات وەک بابەتێکی جێگەی گفتوگۆ سەیر بکرێت، بەڵکو تاران وەک بەشێک لە سیستەمی "مقاوەمە" هەرێمی سەیری دەکات و پێی وایە بەغدا ناتوانێت بە تەنیا بڕیاری لەسەر بدات.

سەرچاوەیەک لە تیمی حکومی تایبەت بە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە سوپای پاسداران بە سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی وتووە تاران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕێگریکردن لە ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت، تەنانەت پەیامەکە هێندە ڕاشکاو بووە کە وتراوە ئەمە چەکی ئێوە نییە تا ڕادەستی بکەن.

ئەوەش هاتووە:  ئەم فشارانەی ئێران بۆتە هۆی دروستبوونی دابەشبوون لەناو گروپە شیعەکاندا؛ لە کاتێکدا هەندێکیان دەیانەوێت بەرەو کاری سیاسیی بڕۆن، هەندێکی تریان بە توندی پابەندی کاری چەکداریین.

لەم چوارچێوەیەدا، گروپەکانی وەک "عەسائیب ئەهلول حەق" و "کەتائیب ئیمام عەلی" بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەکان و واشنتۆنەوە هەنگاویان ناوە بەرەو تێکەڵبوون لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا، بەڵام گروپەکانی وەک "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" و "نوجەبا" بە توندی ڕەتی دەکەنەوە چەک دابنێن و دەڵێن تا هێزی بیانی بمێنێت چەک دانانێن.

 شارەزایان پێیان وایە ئێران چەکی میلیشیا عێڕاقییەکان وەک پرسێکی چارەنووسساز بۆ پڕۆژەی خۆی دەبینێت و نایەوێت پاشەکشەی لێ بکات، لە بەرامبەردا حکومەتی زەیدی هەوڵ دەدات بەبێ پێکدادانی ڕاستەوخۆ چەک کۆبکاتەوە، بەڵام هەڕەشەی ئەوەش دەکات هەر لایەنێک یاسا ڕەت بکاتەوە وەک گروپێکی لەیاسا دەرچوو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی ئەمنیی و دادوەریی دەبێتەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی