شارپرێس:
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو
بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ئێران بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە داخستنی گەرووی
هورموزی ڕاگەیاند.
لەم چوارچێوەیەدا، نرخی گرێبەستە دواخراوەکانی
نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 95.40 دۆلار و نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکیش بۆ 92.63 دۆلار
بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە. کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی ڕایگەیاند کە ئەم ئاڵۆزییە
نوێیەی نێوان واشنتۆن و تاران، ڕێککەوتنی ئاگربەستی مانگی نیسانی خستۆتە مەترسییەکی
قورسەوە و بازاڕە داراییەکانیشی تووشی پاشەکشە کردووە.
ئەم کۆمپانیایە هۆشداری دا کە ئەگەر شەڕی هەمەلایەنە
دەستپێبکاتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە نرخی نەوت بگاتە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ئامانجێک لە ئێران، دوای ئەوە
هات کە ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند کۆگای نەوتی خاوی وڵاتەکەیان لە هەفتەی
ڕابردوودا 7.2 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە و بووەتە 426.5 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش زیاتر
بووە لە پێشبینییەکانی بازاڕ کە تەنها 4 ملیۆن بەرمیل بوو.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی