شارپرێس:
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر" بەپشتبەستن بەسەرچاوەیەکی باڵای ئیسرائیلی بڵاویكردوهتهوه، ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتۆنو تاران لەڕوانگەی ئیسرائیلەوە بە"کارەساتێکی تەواو" دادەنرێت.
سەرچاوەکە دەڵێت، "دەوروبەری ناتانیاھۆو بەرپرسانی سەربازیی، بەوردیی چاودێریی هەواڵەکان دەکەن بۆ تێگەیشتن لەناوەڕۆکی ئەم لێکتێگەیشتنە"، بهگوێرهى ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان، ڕێککەوتنەکە ڕێگە دەدات یۆرانیۆمی پیتێنراو لەناوخۆی ئێراندا بمێنێتەوەو تەنها چڕییەکەی کەمبکرێتەوە، نەک وەک ئەوەی پێشتر داوادەکرا بۆ دەرەوەی وڵات بگوازرێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕێککەوتنەکە پرسی موشەکی بالیستییو پشتگیریکردنی گروپەکانی وەک حەماسو حزبوڵڵا پشتگوێدەخات، لەبەرامبەریشدا سزاکان هەڵدەگیرێنو ملیارەها دۆلاری بلۆککراو بۆ تاران دەگەڕێتەوە، سەرەڕای هێرشە سەربازییەکانی ساڵانی 2025و 2026 بۆسەر ئێران، بەڵام تاران ئێستا بەبێ ترسو وەک لایەنێکی سەرکەوتوو ڕەفتاردەکات.
دیپلۆماتکارێکی باڵای ئیسرائیلی دەڵێت، ئەگەر ڕێککەوتنەکە لوبنانیش بگرێتەوەو ئیسرائیل ناچار بەکشانەوەو ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر حزبوڵڵا بکات، ئەوە بەواتای شکستێکی ڕەها دێت، چونکە دوژمنەکانیان بەترسی کەمترو توانایەکی شیاوی نوێکردنەوەوە لەجەنگەکە دەردەچن.
ڕۆژنامەی مەعاریفیش جهختیكردوهتهوه، تەلئەبیب هێشتا بەتەواوی لەوردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنەی ترەمپ تێناگات، تەنانەت دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نێوان ترەمپو ناتانیاھۆ.
