بۆچی ئەمریکا عومانی لەڕۆڵی نێوەندگیر لەگەڵ ئێران دورخستەوە؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە کە سەڵتەنەتی عومان لە کاتی هەوڵەکانی دانوستان لەگەڵ ئێراندا هەڵخەڵەتێنەر بووە، بۆیە لە ڕۆڵی نێوەندگیری دوور خراوەتەوە.

 
ئەم بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک لە ئاستی کارکردنی عومانییەکان ڕازی نەبوون و لە شێوازی مامەڵەکردنیاندا وەک فەرمانبەری ئێرانییەکان دەردەکەوتن، بۆیە لەم پرۆسەیە دووریان خستوونەوە.

ئەوەش هاتووە: ئەم هەنگاوە وەک نوێترین نیشانەی ناڕەزایەتیی ئیدارەی ترەمپ بەرانبەر بەم دەوڵەتە دادەنرێت کە هەمیشە لایەنێکی سەرەکیی و میحوەری بووە لە دانوستانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت لە هەفتەکانی ڕابردوودا ئیدارەی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازیی دژی عومان کردووە.

بەرپرسەکە ڕوونیکردۆتەوە کە یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی دانوستان لەگەڵ ئێران، دۆزینەوەی کەناڵی پێوەندیی گونجاو بووە لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا، چونکە ڕێگا کۆنەکە لە ڕێگەی ڕێبەری باڵا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و عومانەوە دەبوو، بەڵام دواتر بڕیاریان داوە پاکستان و قەتەر وەک کەناڵی پێوەندیی نوێ دیاری بکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە میکانیزمە سیاسییەکەی پێشوو بەهۆی سەرەتای شەڕ و چوونە ناو حەشارگەی زۆربەی خەڵکەوە پەکیکەوتبوو، بەتایبەت کە چەندین کەسایەتی باڵای ئێرانی لە سەرەتای ململانێکاندا کوژران.