سعود ساعدی: ئەمریکا دەیەوێت بڕیاری سیاسیی عێراق کۆنترۆڵ بکات‌و ڕێگەنادەین ئاسمانی وڵات دژی ئێران بەکاربهێنرێت

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 129 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێكى شیعه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "واشنتۆن لەڕێگەی فشاری سیاسیی‌و ئابورییەوە دەیەوێت کۆنترۆڵی بڕیاری نیشتمانیی عێراق بکات"، ده‌شڵێت، "بێدەنگی حکومەتیش لەبەرامبەر بەکارهێنانی ئاسمانی وڵات لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، پێشێلکردنی شەرەفی سەربازییە".


سعود ساعدی نوێنەری بزوتنەوەی حقوق كه‌ نزیكه‌ له‌گروپى چه‌كدارى حزبوڵڵا لەپه‌رله‌مانى عێراق ئاشکرایکرد، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی پلانێکی سیاسیی‌و ئابوریی بەڕێوەدەبەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڕیاری نیشتمانی‌و قەرەبوکردنەوەی ئەو ئامانجانەی کە لەڕێگەی سەربازییەوە بۆیان نەپێکرا، ئەم پەرەسەندنەش هاوکاتە لەگەڵ دەستنیشانکردنی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق.

ساعدی ڕاشیگەیاند، "واشنتۆن شێوازی بازوشکاندن‌و سزادانی ئابوریی بەکاردەهێنێت بۆ دیزاینکردنی حکومەتەکانی عێراق‌و دیاریکردنی هێزە بەشداربوو و دورخراوەکان، ئەمریکا فێڵی سیاسیی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگریی لەسەربەخۆیی بڕیاری عێراق بگرێت".

ئەو پەرلەمانتارە بەتوندی ڕەخنەی لەبێدەنگی حکومەت گرت لەبەرامبەر بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ لێدانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەچەند ڕۆژی ڕابردوداو ئەوکارەشی بەپێشێلکارییەکی ڕونی "شەرەف"ی سەربازیی‌و سەروەریی نیشتمانی داناو داوای هەڵوێستێکی توندیکرد بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی.

لەکۆتاییدا، ساعدی داوای لەپەرلەمانی عێراق کرد، بەپەلە ده‌ست به‌جوڵه‌ بكات بۆ پێداچونەوەی گشتگیر بەڕێککەوتننامە ستراتیژییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆن، بەئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەندانەی کە عێراق بەدەرەوە دەبەستنەوە.