شارپرێس:
ئەم هەفتەیە پارتی گەلی کۆماری (CHP)، گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا مەترسییەکانی لێکترازان و دابەشبوونی نێوان دوو باڵی ڕکابەر گەیشتۆتە لووتکە.
سەرەتای ئەم کێشە ناوخۆییە قووڵە بۆ مانگی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک دادگایەکی تورکیا ئۆزگور ئۆزێلی لە سەرۆکایەتیی پارتەکە لادا بەهۆی تۆمەتی پێوەست بە دەستکاریکردنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023، و کەمال کڵچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پێشووی دووبارە گەڕاندەوە بۆ ئەو پۆستە.
لە ئێستادا، باڵی ئۆزێل کە پشتگیریی زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتەکەی هەیە (زیاتر لە 110 پەرلەمانتار لە کۆی 136 ئەندام)، هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی بەپەلە لە ماوەی 45 ڕۆژدا، بۆ ئەم مەبەستەش ئیمزای 900 نوێنەریان کۆکردۆتەوە تا ڕۆژی چوارشەممە پێشکەشی بارەگای سەرەکیی بکەن.
لە بەرانبەردا، کڵچدارئۆغلۆ و تیمی سەرکردایەتییەکەی پێداگریی لەوە دەکەن کە کۆنگرە تەنیا دوای بڕیاری کۆتایی دادگای پێداچوونەوە دەبەسترێت، کە ئەمەش ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت.
بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی ڕەوشەکە و دوورکەوتنەوە لە دابەشبوونی پەرلەمانتاران، هەردوو سەرکردە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پەرلەمانییان هەڵوەشاندەوە، کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە بە جیاواز بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باڵی ئۆزێل دەیەوێت سەرجەم ڕێگە یاسایی و سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن تاقیکاتەوە بەردەم ئەوەی بیر لە بژاردەی دیکە وەک دامەزراندنی پارتێکی نوێ بکاتەوە، هەرچەندە تیمەکەی بە فەرمی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە.
لە ڕووی سیاسییەوە، ئۆزێل پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی دادگاوە دەستیان تێوەگلاوە لەم قەیرانە و لادانی سەرۆک شارەوانییەکان، لەوانەش ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، بەو پێیەی CHP توانی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی 2024دا بۆ یەکەمجار پارتە دەسەڵاتدارەکە شکست پێبهێنێت.
باڵی ئۆزێل جگە لەوەش ئامانجیەتی فشار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات لە جیاتی ساڵی 2028، بەو هیوایەی بتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی چارەکە سەدەی ئەردۆغان بهێنن.