باراک لەبارەی چەککردنی ‌گروپە چەکدارەکانەوە پەیامێک دەگەیەنێتە بارزانی

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3191 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسعود بارزانی لەپیرمام پێشوازیکردن لە تۆم باراک و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد، بەپێی راگەیەنرای کۆبونەوەکەش، باراک پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دوپاتكردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەك لەدەستی میلیشیاکان و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق.

بارەگای بارزانی لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" لە دیدارەكەدا تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریا جەختی لەوە كردەوە كە عێراق و ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئایندەدا هەیە، هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە نمونەیی وەسفیكرد ".

ئەوەشخراوەتەڕوو،" هەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی ئەوەی دوپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بوە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ  سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە، هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبوە لە كێشەكان بەڵام بەناهەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتوە ".

بارەگای بارزانی راشیدەگەیەنێت،" لە تەوەرێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و حكومەتی نوێی عێراق و، تۆم باراک باسی لە پێویستیی سەقامگیركردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە كۆنتڕۆڵكردنی هێزە چەكدارە ناڕەسمییەكان كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دوپاتكردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەك لەدەستی میلیشیاکان و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق".

سەبارەت بە حكومەتی نوێی عێراق، مەسعود بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە پاڵپشتیكردنی عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو پێویستە هەموو لایەك پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا كار بكرێت.