چوارچێوەی هەماهەنگی كێشه‌ بۆ كابینه‌كه‌ى زه‌یدیى دروستده‌كات‌و چارەنوسی وەزیرە ئەمنییەکانیش ناڕونە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 138 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرکردەیه‌كى چوارچێوەی هەماهەنگی پڕۆسەی پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی کابینەکەی عەلی زەیدیی بەشێوازی "یەک پاکێج" تەقاندەوەو ڕایدەگەیەنێت، "هیچ ڕێککەوتنێک بۆ مانەوەی وەزیرە ئەمنییەکان لەئارادانییە".


عوده‌ی عەبدولهادی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرایده‌كات، پڕکردنەوەی پۆستە وزارییە بەتاڵەکانی ناو کابینەکەی عەلی زەیدیی به‌گوێره‌ى یه‌ك پاكێجى‌و بنەمای ڕێککەوتنی گشتگیر واته‌ (تێپەڕاندنی هەموو کاندیدەکان بەیەکەوە) مەحاڵەو هێزە سیاسییەکانیش پەنا بۆ دەنگدانی ڕاستەوخۆو جیاجیا بۆ هەر ناوێک دەبەن.

عوده‌ى عەبدولهادی ئاشکرایکرد، کۆبونەوە چڕەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەرەنجامی ئەرێنییان هەبوەو بونەتە هۆی نزیککردنەوەی بۆچونه‌كان، لەئێستاشدا تەباییەکی سەرەتایی هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پێنج بۆ شەش وه‌زاره‌ت لەگەڵ دەستنیشانکردنی کاندیدەکانیان، کە بڕیارە لەڕۆژانی داهاتودا ناوەکانیان بەفەرمیی ڕابگەیەنرێت.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەکۆبونەوەی داهاتوی په‌رله‌مان کرد کە بڕیارە لەمانگی تەمموزداو دوای تەواوبونی پشوی یاسادانان بەڕێوەبچێت، کە تێیدا پرسى تەواوکردنی کابینەی حکومەت ڕونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

لەلایەکی دیکەوە، عوده‌ی عەبدولهادی تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەڕێککەوتنی لایەنەکان دەکەن بۆ نوێکردنەوەی ماوەی کارکردنی وەزیرە ئەمنییەکانی ئێستاو جەختیکردەوە، "تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر هێشتنەوەی وەزیرە ئەمنییەکان لەئارادانییەو لەچەند ڕۆژی کەمدا ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرادەبن".