سەرجەم دەروازە سنورییەکانی هەرێم بەعێراقەوە دەبەسترێنەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 540 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی گشتی گومرگی عێراق ئاشكرایدەكات، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتون بەلێكتێگەیشتن سەبارەت بەیەکخستنی سیستمی گومرگی لەدەروازەکانی هەرێم و كاركردن بەسیستمی ئەسیكۆدا بەوەش سەرجەم دەروازە سنورییە فەرمییەكانی هەرێم بەعێراقەوە دەبەسترێنەوە.


سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی گومرگ، بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، "هەماهەنگییەکی ئاستبەرزو لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئاسیکۆدا لەتەواوی دەروازە سنورییەکانی هەرێمدا، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی".

ئەوەشی ئاشكراكردوە،" ئەو چوار خاڵە گومرگییەی کە لەئێستادا لەنێوان هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوردا هەن، ڕێکار گەلێکی کاتین بۆ پاراستنی دادپەروەری لەنێوان بازرگانانداو جەختیشی کردەوە، کاتێک هەرێم پابەندی سیستمە ئەلیکترۆنییەکە دەبێت و دەروازە نایاساییەکان داخران ئەم خاڵە چاودێرییانە لادەبرێن.

لەم چوارچێوەیەدا، داود جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکیی دەستەکە کردەوە لەدۆسیەی بەرەنگاربونەوەی سپیكردنەوەی پارەو دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر، ئەویش لەڕێگەی بەستنەوەی حەواڵە داراییەکان بەناوەندەكانی وەرگرتنی گومرك بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمەش بەشداربوە لەڕێگریکردن لەچونەدەرەوەی دراوی قورس.

هەروەها باسی لەمەلەفی بەخشینە گومرگییەکان کرد و جەختی کردەوە کە بەتەواوی کراوە بەسیستمێکی ئەلیکترۆنی کە گومرگ بەدەستەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پیشەسازییەوە دەبەستێتەوە بۆ دەرکردنی ڕەزامەندییەکان تەنیا لەماوەی 24 کاتژمێردا.

ئەم بەڕیوەبەرە، ئاماژەی بەوەشکرد کە "تیمەکانی بەدواداچون بەسەرکردنەوەی مەیدانیی لەناکاو ئەنجام دەدەن بۆ ڕێگریکردن لەفێڵکردنی پڕۆژە وەهمییەکان و بەبڕیاریشەوە ڕایگەیاند کە هیچ بەخشینێکی گومرگی لەدەرەوەی چوارچێوە یاساییە کارپێکراوەکاندا كاری پێناكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، زیاتر لەساڵێكە سیستمی ئەسیكۆدا لەعێراق كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەهەرێم تائێستا كاری پێناكرێت.