شارپرێس:
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لەحەنانەوه بەفەرمانێکی کتوپڕ کۆتایی بەبنبەستو گرژییە مەیدانییەکانی شاری سامەڕا هێناو ڕایگەیاند، پێویستە سەرایا سەلام بەتەواوی پابەندی بڕیارەکانی دەستەی حەشدی شەعبی بێت.
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە دوای ئەوەهات، دەستەی حەشدی شەعبی بەنوسراوێکی فەرمی، (عەلی جەخیفە)ى فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا (کە سەر بەسەدرە) لەپۆستەکەی لاداو فەرماندەیەکی نوێی سەر بەبزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق-ی لەشوێنی دەستنیشانکرد، ئەو بڕیارە سەرەتا ناڕەزایەتیو ئامادەکاریی سەربازیی لایەنگرانی سەدری لێکەوتەوە، چونکە وەک هەوڵێک بۆ تاقیکردنەوەو بێزاركردنى هێزەکانی ئەوان سەیر دەکرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لەحەنانە بهمیدیا عێراقیهكانى وتوه، موقتەدا سەدر بۆ ڕێگریکردن لەهەر پێکدادانێکو پاراستنی سەقامگیریی شارەکە، فەرمانیداوە کە دەبێت بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت، چونکە پاراستنی مهزارى ئیمامەین عەسکەریین هێڵی سورەو نابێت سامەڕا بکرێتە قوربانی ململانێی سیاسیی.
هاوکات لەگەڵ ئەو بڕیارەدا، فەرماندەیی سەرایا سەلام ڕایگەیاند، ئەوان بەتەواوی لەڕەوتی سیاسیی سەدر جیابونەتەوەو تێکەڵی ناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بونو تا کاتی ڕادەستکردنی تەواوی دۆسیەی ئەمنیش بەهێزەکانی پۆلیسو سوپای عێراق، لەناوچەکەدا دەمێننەوە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانو سەردانیکەران.
