ناتانیاهۆ چاوەڕێی هەرەسهێنانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئێران‌و ئەمریکایە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتۆن بکات‌و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.


ئەم دیدارە کە بەوتەی ترەمپ لەسەر داوای ناتانیاھۆ خۆی بوە، یەکەم کۆبونەوەی نێوانیان دەبێت لەدوای شوباتی ڕابردوەوە، کاتێک گفتوگۆیان لەسەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش دژی ئێران کردبوو و لەوکاتەوە پەیوەندییەکانیان ساردبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بەپێگەی "مۆنیتەر"یان وتوه‌، "تەلئەبیب هیواخوازە ئێران لەدانوستانە چەقبەستوەکانی لەگەڵ واشنتۆن بەردەوامبێت لەکاتکوشتن‌و توڕەکردنی ئەمریکیه‌كان تا ترەمپ ناچاربکات بژاردەی سەربازیی دەستپێبکاتەوە، یان لانی کەم گەمارۆی دەریایی تەواوو سزای توند بسەپێنێتەوە؛ بەتایبەت کە ئیسرائیلییەکان پێیانوایە سەرکردایەتیی ئێستای ئێران بەڕێبەرایەتیی موجتەبا خامنەیی توانای گەیشتن بەڕێککەوتنی نییە".

لەلایەکی دیکەوە، باس لەوەدەکرێت کە ئیسرائیل مەترسیی هەیە ئەگەر واشنتۆن‌و تاران لەقۆناغی دوەمی دانوستانەکاندا پێشکەوتن بەدەستبهێنن، ترەمپ گوشار بخاتەسەر ناتانیاھۆ بۆ کشانەوەی تەواوەتیی لەباشوری لوبنان وەک بەشێک لەڕێککەوتنێکی گشتگیر، ئەمەش پێگەی ناتانیاھۆ لاواز دەکات.

ڕەخنەگرانی ناتانیاھۆ لەو بڕوایەدان کە ئەو دەیەوێت لەڕێگەی نیشاندانی دانوستانەکانی ئەمریکاو ئێران وەک بەشێک لەپلانی خۆی، کاربکاتەسەر دەنگدەران پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لەم پایزەدا.

ناتانیاھۆ دوای ئەوەی نەیتوانیی "سەرکه‌وتنی تەواو" بەسەر ئێران‌و بریکارەکانیدا بەدەستبهێنێت، ئێستا دەیەوێت هاوڵاتیانی قەناعەت پێبکات کە ئیسرائیلی لەکارەساتێکی بونیاتی ڕزگارکردوەو تەنها خۆی توانای پاراستنیانی هەیە.

بەپەلە