وەزارەتی دەرەوەی یەمەن: ئێران سەرکردەی سەربازیی‌و چەکی بۆ حوسییەکان ناردوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3910 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا کە چەکدارانی حوسی گەمارۆیەکی دەریاییان بەسەر عەرەبستانی سعودیدا ڕاگەیاندوە، وەزارەتی دەرەوەی یەمەن ئاشکرایدەکات، ئێران بەناردنی سەرکردە گەورەکانی سوپای پاسداران، ڕاوێژکارانی سەربازیی‌و چەکی پێشکەوتوی وەک درۆن‌و موشەک بۆ بەندەری حودەیدە، هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ گواستنەوەی چەقی گرژییەکان لەگەروی هورمزەوە بۆ بابولمه‌نده‌ب.


ئێران هاوکاری سەربازیی بۆ هاوپەیمانەکانی لەیەمەن ناردوە هاوتەریب لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی پێی دەڵێن "گەمارۆی دەریایی" لەسەر عەرەبستانی سعودی لەڕێگەی بابولمه‌نده‌بەوە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ مستەفا ئەحمەد نوعمان جێگری پێشوى وەزیری دەرەوەی یەمەن ئاشكرایكردوه‌، ئێران لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا سەرکردەکانی سوپای پاسداران، ڕاوێژکارانی سەربازیی، کەرەستەی موشەکی‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ یەمەن ناردوە.

ئەم بەهێزکردنە سەربازییە لەکاتێکدادێت، گروپی حوسییەکان سەپاندنی ئەوەی پێی دەڵێن، "گەمارۆی دەریایی"یان لەسەر سعودیە ڕاگەیاندوە، ئەمەش نیشانیدەدات، تاران دەیەوێت توانای هاوپەیمانەکانی لەیەمەن بەهێزبکات بۆ هەڕەشەکردن لەجوڵەی دەریاوانی لەدەریای سوردا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایکردوه‌، ئەندامانی سوپای پاسداران‌و کەرەستەی سەربازیی بۆ یەمەن گواستراونەتەوەو ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردەوە، پرۆسەی گواستنەوەکە لەڕێگەی فڕۆکەیەکەوە بوە کە لە 13ی تەمموزدا گەیشتوەتە ناوچەکانی حوسییەکان.

به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، فڕۆکەکە سەر بەکۆمپانیای (ماهان ئێر) بوەو لەنێوان 10 بۆ 21 ئەندامی سوپای پاسدارانی گواستوەتەوە کە سەرکردەی گەورەشیان تێدابوە، لەسەرەتادا بڕیاربوو شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەکە سەنعا بێت، بەڵام دوای ئەوەی فڕۆکەخانەکە لەلایەن هێزەکانی یەمەنی سەر بەسعودیەوە هێرشیکرایەسەر بۆ ڕێگریکردن لەنیشتنەوەی، ئاڕاستەکەی گۆڕدرا بۆ بەندەری حودەیدە لەسەر دەریای سور.

دوای گواستنەوەی ئەم هاوکارییە سەربازییانە، نوعمان ڕایگەیاند، حکومەتی یەمەن لەپەیوەندیدایە لەگەڵ وڵاتانی هاوپه‌یمانى، بۆ پشتگیریکردنی ئەو هێزانەی کە ئەرکی چاودێریکردنی ڕێڕەوە دەریاییەکانی تەنیشت کەناراوەکانی یەمەنیان لەئەستۆیە، جێگری پێشوى وەزیرى ده‌ره‌وه‌ى یه‌مه‌ن ئاماژەی بەوەشکردوه‌، ئێران سەرەڕای ئەو گوشارانەی لەسەریەتی، سورە لەسەر پشتگیریکردنی حوسییەکان بۆ بەهێزکردنیان وەک بەرەیەکی پێشەوە دژ بەوڵاتانی ناوچەکە.

پێشتریش موعەمەر ئێرانی وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن وتبوى، ئێران هەوڵدەدات هێڵێکی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لەنێوان تاران‌و سەنعا دروستبکات بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی توانای سەربازیی چەکدارانی حوسی‌و کردنەوەی دەرگا بۆ گواستنەوەی چەقی گرژییەکان لەگەروی هورمزەوە بۆ بابولمه‌نده‌ب.

پشتیوانییەکانی ئێران بۆ حوسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پێش کۆنترۆڵکردنی پایتەخت (سەنعا) لەئەیلولی 2014دا، بەڵام دوای هەڵگیرسانی شەڕو دەستوەردانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی سعودیە لەئاداری 2015دا، بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانتربوو.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی‌و ڕۆژئاواییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم پشتیوانییە گواستنەوەی چەک، تەکنەلۆژیای موشەکی‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەگەڵ ڕاهێنان‌و زانیاری هەواڵگریی گرتوەتەوە، ئەمەش بەشداربوە لەگەشەپێدانی تواناکانی ئەو گروپە بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی ناوچەکەو هەڕەشەکردن لەدەریاوانی لەدەریای سورو بابولمه‌نده‌بدا.

لەتەمموزی 2025دا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 750 تۆن تەقەمەنی‌و کەرەستەی سەربازیدا ڕاگەیاند كه‌ لەئێرانەوە بۆ حوسییەکان نێردرابون، پێکهاتەی موشەکی پێشکەوتوو، بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و سیستەمی ڕادارو پەیوەندییەکانی تێدابوو.

بەپەلە