ئەفسەرێکی پێشوی CIA نهێنییەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەدام حوسێن ئاشکرا دەکات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جون نیکسۆن، ئەفسەر و لێکۆڵەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، وردەکاریی بێپێشینەی دەربارەی ئەزموونی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەددام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق ئاشکرا کرد.

نیکسۆن وەک ڕاوێژکاری سەرەکیی هەواڵگریی لە پرۆسەی گەڕان بەدوای سەددام حوسێن دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی لە ساڵی 2003دا هەژمار دەکرێت. ئەو و تیمەکەی ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە کۆکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکای بەرەو شوێنی خۆحەشاردان و دەستگیرکردنی سەددام ڕێنمایی کرد.

ئەم ئەفسەرە نزیکەی مانگێک بە شێوەی ڕووبەڕووی لەگەڵ سەددام لە ژووری لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی "کرۆپەر" لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد کاتی بەسەر بردووە. لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دانیشتنی لێکۆڵینەوەی ئەنجامداوە کە گەیشتووەتە چەند ئەنجامێک کە بە وتەی خۆی بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی و سەربازیی ئەمریکا "سەرسوڕهێنەر" بوون.

نیکسۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) لە تێگەیشتن لە کەسایەتیی سەددام حسێن هەڵەی کردووە. ئەوان وایان وێنا کردبوو کە سەدام کۆنترۆڵی تەواوی وردەکارییەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی لەدەستە، لەکاتێکدا لە ساڵانی کۆتایی حوکمڕانیدا کەمتر دەستی لە کاروباری ڕۆژانەدا هەبووە و زیاتر پشتی بە یاریدەدەرەکانی بەستووە.

هەروەک جەختی لەوە کردۆتەوە کە سەددام لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003دا، هیچ چەکێکی کۆکوژی نەبووە. ئەو پێیوایە بڕیاری شەڕەکە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی هەڵە و ئارەزووی سیاسیی بۆ ڕووخانی ڕژێمەکە بووە، نەک لەسەر بنەمای بەڵگەی دڵنیاکەرەوە.

نیکسۆن وتوشیەتی کە ئیدارەی جۆرج بوش پشتی بە زانیاریی نادرووست بەستبوو سەبارەت بە هەبوونی چەکی کۆکوژ و پەیوەندیی نێوان ڕژێمی سەدام و ڕێکخراوی قاعیدە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆشکی سپی تەنها ئەو زانیارییانەی هەڵدەبژارد کە پشتگیریی لە بڕیاری شەڕ دەکرد و ئەو هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییانەی پشتگوێ دەخست کە پێچەوانەی ئەو گێڕانەوەیە بوون.

سەبارەت بە لایەنی کەسی، نیکسۆن ڕوونی کردۆتەوە کە سەددام حوسێن دوای ڕووخانی بەغداد توانیویەتی بەهۆی "سادەیی نەک ئاڵۆزی" دەربازی ببێت. ئەو بە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی و تەنها لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە هاوەڵەکانی پایتەختی جێهێشتووە، دوای ئەوەی تەواوی پاسەوانە تایبەتەکانی گۆڕیبوو، ئەمەش بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بوو کە چاوەڕێی پلانێکی ڕاکردنی ئاڵۆزیان دەکرد.

ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەش کرد کە سەدام خاوەن نهێنیپارێزی و گومانێکی زۆر بووە، تەنانەت نییەتەکانی خۆی لە نزیکترین کەسەکانیش شاردۆتەوە، ئەم سیفەتەش یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی لە دەسەڵات بۆ چەندین دەیە و قورسیی دزەکردنە ناو بازنە نزیکەکەی.

هەروەک سەددامی بەوە وەسف کردووە کە شارەزا بووە لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی کودەتا پێش ڕوودانیان، چونکە دژی هەر کەسێک دەجوڵایەوە کە گومانی نادڵسۆزی لێ بکرایە، ئەمەش بە پشت بەستن بە دەزگا ئەمنییە کاراکانی بۆ چاودێریکردنی نەیاران لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی