شارپرێس:
سەرچاوەیەکی بەرپرسی سعودیە ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکەی چەند
رۆژی رابردوو، تواناکانی ئەو گروپە چەکدارییانەی عێراقی کردۆتە ئامانج کە لایەنگری ئێرانن
و هەڕەشەیان لە ئاسایشی سعودیە کردوە و هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە مەدەنیی و
ئابورییە گرنگەکانی.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو، بە هەماهەنگیی لەگەڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، هێرشی چڕ و دیاریکراویان کردۆتە سەر ئامانجگەلێکی سەر
بە میلیشیاکان لەسەر خاکی عێراق، کە پەیوەندییان بە بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی
سعودیەوە هەبوە.
سەرچاوەکە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "رۆژنامەی شەرقولئەوست" پەرۆشیی سعودیەی بۆ
پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەت و گەلی عێراق کردەوە و بەڵام جەختی کردەوە کە هێرشەکە
ئاڕاستەی ئەوان نەکراوە، بەڵکو وەڵامێکی ورد و سنوردار بوە دوای تەواوبونی سەرجەم
ڕێکارە دیپلۆماسی و سیاسییەکان و گرتنەبەری ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن لە مانگەکانی ڕابردودا.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەداوە وەڵامدانەوەکە تەنیا کۆگا سەربازییەکانی ئەو
میلیشیانەی گرتۆتەوە کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەگەیەنن و خاکەکەی دەکەنە
ئامرازێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی