سعودییە، کوەيت و ئوردن هۆشداریی توند دەدەنە عێراق

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1030 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارثرێس:
بەگوێرەی لێدوانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار،  ئوردن و عەرەبستانی سعودیە هۆشدارییان داوەتە عێراق لەبارەی بەکارهێنانی خاکی ئەو وڵاتە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکەکانیان. 

هاوكات بەرپرسێکی کوەیتی ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆشدارییەکی هاوشێوە لە ڕێگەی کەناڵی ناڕاستەوخۆوە گەیەندراوەتە بەغدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی ئاماژەکانی نیگەرانی وڵاتانی کەنداو لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشی دەرەوەی سنوورەکان، بەتایبەت دوای سەر هەڵدانی گەڕێک لە ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان کە بەغدای خستووەتە ژێر گوشاری زیاترەوە بۆ ڕاگرتنی گرووپە چەکدارەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلحوڕەی ئەمریکی، ئەم پەیامە ناوچەیییانە لە کاتێکدا دەگەن کە حکومەتی عێراق ئاستی ئامادەباشیی لە سەربازگە و بنکە سەربازییەکاندا بەرزکردۆتەوە، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر جووڵەیەک کە ڕەنگە گرووپە چەکدارییەکان ئەنجامی بدەن.

هەروەک، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕێکەوتی 8ی ئاب ئەو ڕێکارانە گرنگییەکی زیاتریان  پەیداکردووە،  ئەوەش ئەو وادەیەیە لەلایەن هەندێک لە گرووپەکانەوە بۆ حکومەت دیاریکراوە، بەوەی هەموو جوڵەکانیان لەدوای تەواوبوونی ڕێورەسمەکانی چلە دەستپێدەکات.