لە خودنەفرەتییەوە بۆ سەفسەتە لەنێو مێژوودا سەرنج لەبارەی هەندێک چەواشەکاری مێژوویی

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 93 جار خوێندراوه‌ته‌وه

جەعفەر عەلی
بەشی دووەم
سەفسەتەی مێژوو
هەر نووسەر، یان مێژوونووسێک، کاتێک دەخوازێت بۆچوون و لێکدانەوەیەکی پێشتر، کە پێیوایە هەڵە و کەموکورتی تێدایە، ڕاستبکاتەوە، یان بۆچوونی تازە و جیاواز بخاتە نێو کایەی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری، بەر لە هەر شتێک پێویستی بە بەڵگەی زانستی باوەڕپێکراو دەبێت بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی، کە بێگومان هێشتا ئەوەش ناتوانرێت وەک دوالێکدانەوەی ڕووداوی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

جگە لەوەش، نەک هەر ئاسایی، بگرە گرنگیشە مرۆڤ بەهۆکاری گۆڕانکارییەکان و دەستکەوتنی زانیاری نوێ، میتۆدی بەراوردکاری زانیاری و سەرچاوەکان، هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ناوەندەکانی پاراستنی ئەرشیف و بەڵگەنامەکان، بۆچوون و لێکدانەوەی جیاوازی لەلا دروست بێت و لەو ڕێگەیەشەوە دیدگا و لێکدانەوەی جیاواز و نوێ بخاتەڕوو، بەڵام هەر بۆچوونێکی تازە، ڕەتکردنەوەی هەر بۆچوونێکی پێشتر، هەوڵدان بۆ چەسپاندنی لێکدانەوەی نوێ لە زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا، نە بە تەحەدداکردن دەکرێت، نە بە هەوڵدان و سەرنج خستنەسەر ئەکاونت و پەیجی ڤیدیۆیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو پێویستی بە کنە و پشکنین، گەڕان و بەراوردکاری، خوێندنەوەی بابەتییانەی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەو سیاقە مێژوویی و کات و شوێنەش دەبێت، کە دەخوازین قسەیەکی جیاوازی لەبارەوە بکەین، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، کاتێک لە یەک ڕەهەندی ناوەکییەوە ڕووداو دەخوێنینەوە، لەسەر بنەمای ئەو خوێندنەوە تاکڕەهەندییەش هەوڵدەدەین ئەستۆی ئینگلیز و فرەنسا لە گوناهە مێژووییەکانیان دەرحەق بە کورد لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا پەیماننامەی لۆزان (١٩١٤-١٩٢٣)، پاک بکەینەوە و هۆکاری کۆی نووچدان و شکستەکان بگەڕێنینەوە بۆ کورد خۆی، دیسان ناحەقییەکی گەورە دەرحەق بە خودی ڕووداوەکان و ئەو مێژووەش دەکەین، کە بە حیسابی خۆمان ڕەنگە مەبەستمان بێت گۆشەیەکی تاریکی ڕوناک بکەینەوە. نزیک بە ١٠ ساڵ پێش ئێستا لە نووسینێکدا ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە، کە هیچ گومانێک لەوەدا نییە، لەو ماوە مێژووییەدا، کورد بەشێک لە گوناهەکانی شکست، لەدەستدانی دەرفەتەکانی خۆبونیادنان و مامەڵەی گونجاوتری لەگەڵ لایەنەکانی ململانێ، دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام هەر هەوڵدانێک بۆ کورتکردنەوەی کۆی هۆکارەکانی شکست بۆ نێو ماڵی کورد خۆی و بەخشینی ئەستۆپاکی بە ئینگلیز و فرەنسییەکان لەو ماوە مێژووییەدا، دەچێتە خانەی بوونی گرفتی میتۆدی و کورتهێنانی خوێندنەوەی زانستی و بابەتی بۆ ڕووداو، مێژووی ململانێی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان.   

لە دەرەوەی ئەم چەند هێڵە سەرەکییانەی بەکورتی ئاماژەیان پێکرا، هەموو کەسێک دەتوانێت قسە بکات، بۆچوون و لێکدانەوە پێشکەش بکات، ڕووداوی مێژووییش وەک حیکایەت بەخواستی دڵی خۆی بنووسێت، شکۆمەندی بە یەکێک و خەڵاتی شەرمەزاریش بە ئەویدی ببەخشێت، شکست بخاتە ئەستۆی کەسێک و میدالیای سەرکەوتن بە گەردنی ئەویدیکەدا بکات، سەرکردەی کورد بکات بە عەرەب و ڕۆژنامەی کوردیش بکات بە تورکی،  بەڵام سەرەنجام سەرجەمی ئەمانە وەک قسەی بێ سەروبەر و ئاسایی ڕۆژانە لەنێو مێژوودا جێگە دەگرن، نەک وەک بۆچوون و لێکدانەوەی بابەتی و زانستی، لێکدانەوەیەک، قسەیەکی تازەی پێبێت و ڕستەیەکی نوێی سەرباری زانیارییە کۆنەکان کردبێت.

ئەم نووسینە بە دەرفەتێک دەزانم بۆ گەڕانەوە بۆ هەندێک بابەتی تر، کە ڕەنگە هی چەند ساڵ بەر لە ئێستا بن، بەڵام لە هەمان بازنە و چوارچێوەی باسەکەی ئێمەدا جێگەیان دەبێتەوە.  لەم چەند ساڵەی رابردوودا، قسەی جۆراوجۆر لەبارەی هەندێک بڕگەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد، لێکدانەوە و ڕووداوی مێژوویی، کەسایەتی کوردی نێو مێژووی نوێ و هاوچەرخی ئێمە کراوە، بەشێک لەو وشە و ڕستانەی لە نووسین و گفتوگۆکاندا هاتوون، شایستەی ئەوەن ئەکادیمیست و ڕۆشنبیران، لە سەرووی هەموویشیانەوە پسپۆڕانی بواری مێژوو، سەرنجی زانستی خۆیان لەبارەیانەوە بدەن، ئەگەر هەڵە لێکدانەوەیەک پێشتر هەبووە و لە ئێستادا کەسانێک ئەو هەڵانەیان ڕاست کردووەتەوە، دەبێ لەلایەن ناوەندەکانی ئەکادیمی و زانکۆکانەوە، نەک تەنها دەستخۆشیان لێبکرێت، بەڵکو ڕێزیان لێبگیرێت و خەڵاتیش بکرێن، ئەگەریش بابەتەکە بریتییە لە تەنها دەربڕینی بۆچوون و لێکدانەوەیەکی سادە و بێ بنەما، کۆمەڵێک وشە و ڕستەی ڕیزکراو، کە هەرچی زیاتر دەچێتە خانەی هەڵگێڕانەوەی ڕاستی و چەواشەکردنی حەقیقەتی مێژوویی، پێویستە پسپۆڕانی بوارەکە قسەیان لەبارەیەوە هەبێت، لەبەر هیچ نا، بەڵکو بە خاتری سەلماندنی ڕاستگۆییان لەگەڵ ئەو ڕستانەی ڕۆژانە لە پۆلەکانی خوێندن بۆ قوتابییەکانیان باسی دەکەن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لە ڕێی بڵاوکردنەوەی چەند کتێبێکەوە لەبارەی مێژووی کورد، لە ژێر کاریگەری هەر میتۆدێکی نووسینەوەی مێژوودا بێت، کۆمەڵێک پرسیاری جددی و سەرنجڕاکێش وروژێنران، ئەم پرسیارانە، جگە لەوەی وەک دۆزینەوەی زانیاری نوێ لەبارەی بنەچەی کورد، زمان وچەقی شارستانێتی جیهانی و پێگەی بنەمایی کورد لەو چەقەدا، قسەی تازەی هێنا، کە ڕێک پێچەوانەی بەشی هەرە گەورەی ئەو ڕستانە بوون، کە پسپۆڕان و مامۆستایانی بوارەکە لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان پێشکەشی قوتابییەکانیانی دەکەن، هەمانکات بەشی هەرە گەورەی ئەو زانیارییانەیشی ژێرەوژوور کردووە، کە مامۆستایانی شوێنەوار و مێژووی کوردی کۆن ڕۆژانە لە پۆلەکانی خوێندن و زانکۆکاندا بۆ قوتابییەکانیانی دەگێڕنەوە. هێندەی من ئاگاداربم، جگە لە تەنها یەک کتێب و چەند وتار و کورتە نووسینێک، سەرنج، ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەیەکی ئەکادیمی و زانستی جددیمان لەو ناوەندانەوە و لەلایەن پسپۆڕانی بوارەکە سەبارەت بەو پرسیارە قورسانەی لەو کتێبانەوە ڕووبەڕوویان کرایەوە، هیچی دیکەمان نەبینی. ئەوە لەکاتێکدا بەشێکی گرنگ لەو پسپۆڕ و مامۆستایانەی زانکۆ بەهیچ شێوەیەک ناچنە ژێرباری قبوڵکردنی ئەو زانیارییە نوێیانەوە، هەمانکات ئامادەیی ئەوەیشیان تێدا نییە کەمێک لە کاتی خۆیان بگرن و سەرنجی ڕەخنەیی و زانستی لەبارەوە بدەن، واتە ئەرکێک، کە کاری زانستی ئەوانە و پێویست دەکات لە کاتی خۆی و لە ئێستادا گفتوگۆ بکرێت، بە بێدەنگی لە ئەستۆی خۆیانی دادەماڵن و دەیکەن بە بارگرانی بەسەر شانی نەوەکانی داهاتووەوە، وەک چۆن ئەرکێک، کە هی منەوەرانی سەردەمی شێخ مەحمود و ڕوناکبیرانی ڕۆژگاری قازی محەمەد بوو، بە هەر هۆکارێک بێت، نەیانتوانی، یان نەیانکرد و خستیانە ئەستۆی نەوەی دوای نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو تا بە ئێستا دەگات.  

قسەی ئێمە زیاتر هەوڵدانە بۆ ڕەخنەکردنی ئەو هەڵە خوێندنەوە و تێگەیشتنانەی، سەبارەت بە هەڵگێڕانەوەی هەندێک ڕاستی مێژوویی لەبارەی کەسایەتی و بنەچەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و ڕۆژنامەی کوردستان، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بڵاوکراونەتەوە. بەڵام بەر لەوە بەپێویستی دەزانین بەچەند ڕستەیەک ئاماژە بە چەند خاڵێکی کورت بکەین، یەکیان، سەرنجە لەبارەی زمانی تەحەددا لە کایەی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، دووەمیشیان، چیرۆکێکی تراجیکۆمیدی (Tragicomedy) خوێندەوارێکی بێ ناونیشانە.

سەبارەت بە زمانی تەحەددا، ئەلف و بێی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان دوورکەوتنەوەیە لە زمانی خستنەڕووی دواحەقیقەت، زمانی ڕاگەیاندنی کۆتایی مێژوو، زمانێک تەواوی دەرگاکان بەسەر گفتوگۆ و قسەی تازەدا دابخات، چونکە زمانی تەحەددا، زمانی کوشتنی گفتوگۆی زانستی، زمانی تەقدیس و دابەشکردنی دنیایە بەسەر منی فریشتە و تۆی شەیتاندا، منی خاوەن ڕاستی ڕەها و تۆی ئاڵوودەبوو بە هەڵە و کەموکورتی، ئەم دابەشکارییەش بۆ هەر شوێنێک گونجاو بێت، بۆ زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان گونجاو نابێت. لێرەوە هەر هەوڵدانێک بۆ لێکدانەوەی ڕوداوێکی مێژوویی، یان ڕاڤەکردنی قۆناغ و ساڵانێکی پڕ لە ململانێی هەژموون و بەرژەوەندی و دابەشکاری، بە زمانێکی وەها ڕەها، هێندەی لە گرفتی بێ میتۆدی، یان گرفتی میتۆدییەوە سەرچاوە دەگرێت، شتێکی دیکە نییە.

خاڵی دووەمیش، چیرۆکێکی تراجیکۆمیدییە، کە بریتییە لە تۆمەتبارکردنی شێخ مەحمود لە شکستپێهێنان و جێبەجێنەکردنی پەیماننامەی سیڤەردا. چیرۆکەکە بەم جۆرەیە؛ چەند ساڵێکی کەم پێش ئێستا، شەوێک هاوڕێیەک، کە نەمدەناسی، هەرچەندە داوایشم لێکرد، بەڵام خۆی نەناساند، لە وڵاتێکی ئەوروپاوە پەیوەندی کرد، دوای وەڵامدانەوە هاتە سەر باسی ڕووداوی مێژوویی و ڕاستەوخۆ دەستیکرد بە تۆمەتبارکردنی شێخ مەحمود بەو پاساوەی ئەو هۆکاری جێبەجێنەکردنی پەیمانی سیڤەر بووە. بە هێمنی و ڕێزەوە گوێم لێگرت، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد و گفتوگۆمان کرد، لە وەڵامی تۆمەتبارکردنەکەی شێخ مەحموددا، پێمگووت: کاتێک سیڤەر ئیمزا کرا (١٠ ئابی ١٩٢٠)، شێخ مەحمود ساڵێک پێشتر (١٩١٩) و تا دوو ساڵیش دوای ئیمزاکردنەکە (١٩٢٢) لە زیندانی ئینگلیزەکاندا بووە لە هیندستان، ئەمەش مانای ئەوەیە، لەو کاتەدا شێخ مەحمود بە کردەیی لە گۆڕەپانەکەدا هەر بوونی نەبووە،  واتە نە چالاکییەکی هەبووە، نە کاریگەرییەکی بەسەر ڕووداوەکانەوە هەبووە، ئیدی بە چ مانایەک و بە کام پێوەری لێکدانەوەی زانستی، تۆمەتی مێژوویی جێبەجێنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەری دەکەوێتە ئەستۆ. ئەم جۆرە ڕستەفڕێدانانە لە ژێر ناونیشانی هێنانی لێکدانەوەی تازە، یان گووتنی ڕستەی نوێ، یان بە هەر ناو و ناونیشانێکی دیکەوە بگووترێن، جگە لە تۆمەتی بێ بنەما و چەواشەکردنی ڕاستی مێژوویی هیچی دیکە نین.   

بۆ ئەوەی سەرنجەکان زۆر بڵاونەبێت، دەگەڕێینەوە سەر بنەڕەتی بابەتەکە، کە قسەکردنە لەبارەی بنەچەی عەرەببوونی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و تورکبوونی ڕۆژنامەی کوردستان، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، کە بە بڕوای ئێمە، دوو بۆچوونی هەم گرنگ، هەم ترسناکن، گرنگن ئەگەر هێزی سەلماندنی ڕاستییەکانیمان هەبێت، ترسناکن، کاتێک بەبێ وردەکاری لە ڕێی مامەڵەکردن لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی دڵخوازی خۆمان و فەرامۆشکردنی ڕەهەندەکانی دیکەی لێکدانەوەی زانستی، بەو بەڵگەنامە و سەرچاوانەشەوە، کە هی خودی نەیارانی کورد خۆی بوون، دەبێ بزانین، ئێمە لەبری دۆزینەوەی بۆچوونێک، زانیارییەک و لێکدانەوەیەکی نوێ، نغرۆی نێو جیهانی بێ ماناکردن و چەواشەکردنی ڕووداوی مێژوویی بووین.

هەر کەسێک مافی خۆیەتی قسە لەبارەی مێژوو و ڕووداوی مێژوویی بکات، سەرنج و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەبێت، بەڵام نووسینەوەی مێژوو بەبێ مەعریفەی مێژوویی، هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی، خوێندنەوەی پەیوەندییەکان و سیاقی زەمەنی و شوێنی ڕووداوەکان، بەبێ تێگەیشتن لە کاریگەری زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی دی بەسەر بەرهەمهێنانی ڕووداوەوە، دەبێتە بینینێکی تاکڕەهەندی پڕ لە کەموکورتی. کاتێک لە مێژوودا ڕستەی ترسناکی وەک گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی کەسایەتییە دیارەکان و چالاکییە کولتورییەکانی کورد فڕێدەدەین، لە دوو حاڵەت بەدەرنییە، یان دەبێت هێزی سەلماندنی ئەو ڕستانەمان هەبێت، یان دەبێ لەوە بێئاگا بین، کە پێیدەگووترێت مەعریفەی مێژوویی.

ئەگەر سەرنج لە کتێبی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەتلیسی بدەین، زنجیرەی دەیان لە میران و  کەسایەتییەکانی کورد دەبینین، کە ڕیشە و بنەچەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ کەسایەتییەکی عەرەبی ئیسلامی، بەر لە شەرەفنامەش، عەرەب و تورک و فارس هەمان کاریان بۆ گۆڕینی ناسنامە و سەندنەوەی ڕیشەی کوردبوون لە کەسایەتییە گەورە و دیارەکانی کورد کردووە، تەنانەت هەندێکیان بنەچەی کورد دەگەڕێننەوە بۆ بنەڕەتی عەرەبی، بوونی نامرۆیی و جنۆکە. بۆ نموونە، مێژوونووسێکی وەک مەسعودی، چیرۆکی سەیروسەمەرە لەبارەی بنەچەی کورد دەگێڕێتەوە، جارێک دەمانباتەوە بۆ نێو باوەشی عەرەب، جارێکی دی بۆ کەنیزەکەکانی سلێمان کوڕی داود، جارێکی دیکەیش بۆ چیرۆکی زوحاک و ڕەبیعەی کوڕی نزار، کە ئەوەی دواییان وەک ڕاستترینیان دیاریدەکات. مەسعودی لەم بۆچوونە مێژووییە جیاوازانەیدا هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی و زمانەوانی بۆ سەلماندنی لێکدانەوە و دیدگاکانی پێشکەش ناکات، بەڵکو تەنها ئەو بۆچوونانە دەگوازێتەوە، کە مێژوونووسانی ڕەچەڵەکناسی سەدەی چواری کۆچی باسیان کردوون.

بایەخی مەعریفەی مێژوویی بۆ تێگەیشتن لە ڕووداو
بۆچوون لەبارەی هەر بابەتێکی نوێ، لێکدانەوە و هەوڵدان بۆ ساغکردنەوەی بنەچەی نەتەوە و گروپە کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە سەلماندن دەبێت، ئەوە جگە لەوەی لێکۆڵینەوە مێژوویی و زمانەوانییە تازەکان بە تەنها پشت بە ڕەچەڵەکناسی نەریتی نابەستن، بەڵکو پشت بە بەڵگەی زمانەوانی، شوێنەواری و سەرچاوەی بەراوردکاری دەبەستن، نەک مامەڵەکردن لەگەڵ سەرچاوەی دڵخوازی خۆمان، یان هەڵێنجانی زانیاری نێو سەرچاوەکان بەپێی ئارەزووی تایبەتی و بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژی، بۆیە ئەنجامی لێکۆڵینەوە تازەکان جیاوازە لە ئەنجامی ئەو بۆچوونانەی مێژوونووسانی سەدەکانی ناوەڕاست پێیگەیشتوون، بەڵام مانای ئەوە نییە لە ئێستادا مێژوونووس، یان ڕۆشنبیر و نووسەری وەهامان نەبێت، کە هێشتا ڕۆحی لەنێو ڕستە ناڕوون و نازانستییەکانی لێکدانەوە وەهمییەکانی کەسانی وەک مەسعودیدا بێت.    

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێت بزانین، نەریتی گەڕاندنەوەی زنجیرەی بنەچەی میر و فەرمانڕەواکان تەنها دیاردەیەکی تایبەت بە کورد نییە، بەڵکو ئەم دیاردەیە وەک نەریتێک لەلای زۆرینەی فەرمانڕەوایانی دەوڵەتەکانی خیلافەت؛ عەباسی، ئومەوی، عوسمانی و سەفەوی، بوونی هەبوو، تەنانەت خودی سەدام حسێن زنجیرەی بنەچەی بنەماڵەکەیانی درێژدەکردەوە بۆ خەلیفەی چوارەمی موسڵمانان، عەلی کوڕی ئەبو تاڵب.  

کورد لە مەعریفەی مێژوویی ئیسلامیدا، وێڕای دەرەوەی خۆی، هەندێکجار خۆیشی بەهۆکاری جیاواز ڕیشە و بنەچەی خۆی گەڕاندووەتەوە بۆ کەسایەتییەکی بەناوبانگ و دەسەڵاتداری نێو مێژووی عەرەبی ئیسلامی، تەنانەت ئێستایش بەشێک لە بنەماڵەی شێخان و ئاینییەکانی کوردستان بۆ هەرچی زیاتر پێدانی پیرۆزی بە پێگەی ئایینی بنەماڵە و خێزانەکانیان، زنجیرەی بنەچەی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ ڕیشەی کەسایەتی عەرەبی و ئایینی بەناوبانگ. بۆیە ڕەنگە بۆ سەدەکانی ڕۆژگاری دەسەڵاتی دەوڵەتەکانی خیلافەت و میرایەتییەکانی سەدەکانی دواتریش، بابەتێکی زۆر نامۆ نەبووبێت ئەگەر خانەوادەی فەرمانڕەوایانی کوردیش مامەڵەیان لەگەڵ دۆخێکی وەهادا کردبێت، چونکە ئەوە دەزانرا، لەم ڕێگەیەوە بایەخ و پێگەی میر و دەسەڵاتداران لە ناوەندی کۆمەڵایەتی کوردیدا گەورەتر و قایمتر دەبوو. بۆ نموونە، میرانی بەتلیس و بادینان و چەمشکزک، بنەچەی خۆیان گەڕاندووەتەوە بۆ خەلیفەکانی عەباسی، میرانی جەزیرە بۆ خالیدی کوڕی وەلید، ئەردەڵانییەکان بۆ سەڵاحەدینی ئەیوبی.

ئەوەی ئێستا وا دەکات، کەسێک بە ناوی دۆزینەوەی زانیاری تازەوە، بنەچە و ڕیشەی کەسایەتییەکی کوردی وەک شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و بنەڕەتی کوردیبوونی ڕۆژنامەی کوردستان لە کوردیبوون هەڵگێڕێتەوە، هیچ نییە جگە لە بێئاگایی لەو هۆشیاری و مەعریفە مێژووییەی لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ بەشێک لە خێزان و بنەماڵە ئایینی و شێخەکانی ئێستای کوردستان درێژبووەتەوە، ئەوەش لەبری ئەوەی بەرەو دۆزینەوەیەکی نوێ، قسەیەکی تازەمان ببات، بەرەو دابڕان لە خۆمان و ئەو ڕووبەرە مێژووییەمان دەبات، کە دەشێت بە سەفسەتەی مێژوویی ناوببرێت. مرۆڤ کاتێک بێئاگایە لەو پاشخانە مەعریفە مێژووییە، جگە لە ونبوون لە بوونی ئەویدیکەدا، دووبارەکردنەوەی ڕستە وەهمییەکانی کەسانی وەک مەسعودی و خەوبینین بە لوتکەوە، کاتێک هێشتا چەندین فرسەخ لە دامێنی شاخەکەوە دوورە، ناتوانێت هیچی دیکە بدۆزێتەوە.

مێژوو بریتییە لەو لوتکەی شاخەی بەر لەوەی ئازایەتی بڕیاردان بەرەو سەرکەوتنیمان هەبێت، پێویست دەکات خۆمان بەو مەعریفەیە بارگاوی کردبێت، کە ڕەنگە دەرفەتی ئەوەمان بۆ بڕەخسێنێت، لە دامێنییەوە بەرەو لوتکەکەی بڕوانین، نەک لە ڕێگەی خوێندنەوەی چەند سەرچاوە و وتارێکەوە پێمانوابێت چوارمەشقی لە لوتکەدا دانیشتووین و بە ئارامی لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکانی دەکەین. بەدەر لە مەعریفەی قوڵی مێژوویی، دوور لە ئاگایی و کرانەوە بەسەر زانستەکانی دیکەی وەک کۆمەڵناسی، دەروونناسی، جوگرافیا، ئابووری، فەلسەفە و سیاسەت و...هتد، هەر ڕاڤەکردن و لێکدانەوەیەکمان بۆ ڕووداوی مێژوویی بە ئەگەری زۆرەوە، یان لانیکەم تا ڕادەیەک دەمانباتەوە نێو ماڵی سەفسەتە و قسەی بێسەروبەر لەبارەی مێژوو، کەسایەتییەکانی نێو مێژوو، ڕووداو و لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکانی مێژوو.

مرۆڤی سەفسەتەچی، تەنها لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆش نییە، تەنها مرۆڤێکی خۆبەکەمزان و کەوتوو نییە، بەڵکو مرۆڤێکە بەهۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیش هەوڵی شێواندنی کولتور و مێژووی خۆی دەدات، بۆ نموونە بەجۆرێک ڕابردوو دەنووسێتەوە، خزمەت بە بەرژەوەندی و بیرۆکەکانی ئێستای بکات، گێڕانەوەکانی بچێتەوە نێو دونیای خزمەت بەو ئایدیۆلۆژیا و دیدگا کۆمەڵایەتییەی بە ڕاستی دەزانێت، نەک ئەوەی خودی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان وەک میتۆد، زانست و بابەتیبوون داوای دەکەن. لێرەوە بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان، پەنا بۆ مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ زانیاری و سەرچاوە دەبات، ئەو سەرچاوە، وشە و ڕستانە هەڵدەبژێرێت، کە دەڕژێنە نێو خزمەت بە ئامانجە پێشوەخت دیاریکراوەکەیەوە، بۆیە بەردەوام بەشێک لە زانیارییەکان دەردەخات و هەوڵی شاردنەوەی بەشێکی دیکەیان دەدات.

مێژوونووسان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، دەبێت نووسینەوەی ڕووداوی مێژوویی، قسەکردن لەبارەی ڕووداو و کەسایەتییەکانی نێو مێژوو، لە ڕێگەی بەراوردکردنی سەرچاوەی جیاوازەوە بێت، وێڕای جیاکاری لەنێوان سەرچاوەی ڕەسەن و ئەو سەرچاوانەی بە مەبەستی تایبەت نووسراون، چونکە مێژوو چەکێکی ترسناکی دەستی هەر مرۆڤ و گەلێکە، هەم بۆ شێواندنی ناسنامە و بوونی نەتەوەیی، هەم بۆ پێدانی مانا بە بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەک، واتە مێژوو ئامرازێکی گرنگی ململانێیە لەسەر دەسەڵات و ناسنامە و بوون، چۆن هێزی دروستکردنی هەیە، هێزی پەرتکردن و هەڵوەشاندنیشی زۆرە. ئەوەی بێئاگا و بەهۆکاری نەخۆشی دەروونی، خودنەفرەتی و ڕق لەخۆبوونەوە، یان ئەوەی پێیدەگوترێت، سیندرۆمی ستۆکهۆڵم، دەخوازێت ئەو ئامرازە گرنگە لە داکۆکی لە بوون و ناسنامەی نەتەوەییەوە بگۆڕێت بۆ شێواندن و بەیانکردنی خۆبەکەمزانی، پێ بزانێت، یان نا، سەری لەنێو دونیای سەفسەتەی مێژووییدایە.  
سەرچاوەکان
١. شەرەفخانی بدلیسی، شەرەفنامە، و: هەژار، جاپخانەی نعمان، نەجەف، ١٩٨١.
٢. الامام أبي الحسن بن علي المسعودي، مروج الذهب ومعادن الجوهر، مراجعة: كمال حسن مرعي، ج٢، ط١، المكتبة العصرية، بيروت، ٢٠٠٥.
٣. د.سعد بشير أسكندر، قيام النظام الاماراتي في كردستان وسقوطه ما بين منتصف القرن العاشر ومنتصف القرن التاسع عشر، ط٢، مطبعة شڤان، بنکەی ژین، السليمانية، ٢٠٠٨.   
٤. حيدر لشكري، الكرد في المعرفة التأريخية الإسلامية، دراسة تحليلية نقدية، ط١، مطبعة وزارة التربية، دار سبيريز للطباعة والنشر، أربيل، ٢٠٠٤.  
٥. https://hawlati.co/KU/wtar_details/79
٦. https://hawlati.co/KU/wtar_details/83             
٧. جەعفەر عەلی، لە یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی سیڤەردا، لە سیڤەرەوە بۆ لۆزان، کورد لە کوێ بوو، چیکرد؟ https://www.sharpress.net/all-detail

تێبینی: پەراوێز و ژمارەی لاپەڕەی سەرچاوەکان لای نووسەر پارێزراون.