هۆشداری لەدۆخەكە دەدرێت.. هێرشكرایە سەر كەشتییەكی قەتەر لەگەروی هورمز

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 470 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کەشتییەکی گازی سروشتیی شلکراو (LNG) کە بارێکی قەتەری هەڵگرتبوو، لەکاتی تێپەڕبونی بەگەروی هورمزدا بەر مووشەک یان تەنێکی فڕیو کەوت و بەهۆیەوە پەكی كەوت، كۆمپانیاكانی ڕاوێژكاری لەگەروەكەدا هۆشداری لەدۆخی مەترسیداری ناوچەكە دەدەن.

کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری ئەمنی  ڤانگارد تێک و ماریسکس  ڕاشیانگەیاندوە،  کەشتییەکە ناوی "گاسلۆگ شانگهای"یە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکە ل نزیک کەناراوەکانی عومان و لەناو گەروی هورمزدا هێرشی کراوەتە سەر، بەبێ ئەوەی تا ئێستا هیچ زیانێکی ژینگەیی تۆمار بکرێت.

کەشتییەکە لەنزیکەی 27ـی تەمموزدا باری گازی لەقەتەرەوە بارکردوە، بەڵام لە 31ـی تەمموزدا نیشانەکانی پەیوەندیکردنی لەنزیک دەروازەی ڕۆژئاوای گەروی هورمز پچڕاوە، وا دەردەکەوێت لەکاتی هێرشەکەدا کەشتییەکە ئامێرەکانی گواستنەوەی نیشانەی کوژاندبێتەوە.

وتەبێژی کۆمپانیای گازلۆگ کە بنکەکەی لەیۆنانە و سەرپەرشتی کەشتییەکان دەکات، لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، گاسلۆگ شانگهای  بەر موشەکێکی نەناسراو کەوتوەو بوەتە هۆی پچڕانی کارەبا لەسەر کەشتییەکە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا هیچ کام لەئەندامانی تیمەکەی بریندار نەبون و ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەکەوە کەوتبوەوە، کۆنترۆڵ کراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەم هەفتەیەدا کەشتییەکی دیکەی کۆمپانیای "گاسلۆگ" بەناوی "گاسلۆگ سەلیم " لەکاتی وەستانی لەبەندەری دەمیات لەباکوری میسر، لەرێگەی درۆنەوە هێرشی کرایە سەر.