CNN: هیچ ئاماژەیەک نییە ئیسرائیل بەشداریی لێدانی ئێران بکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ بەشداریکردنی ئیسرائیل لەو هێرشە چڕانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی بۆ داناوە لە ڕۆژانی داهاتوودا دژی ئێران ئەنجامیان بدات.

 
ئەم هەواڵەش دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک دێت کە باسیان لە ئامادەکارییەکان دەکرد بۆ هەڵمەتێکی بۆردومانی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران.

تۆڕەکە لەسەر زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە کە ئەمریکا نیازی هەیە هێرش بکاتە سەر ئێران و ڕەنگە لە پشووی کۆتایی هەفتەدا دەست پێبکات، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە نیشانی بدات ئیسرائیل بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت. 

لە لایەکی ترەوە، تۆڕی "سی بی ئێس" ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەیەکەوە پلانی هەڵمەتێکی بۆردومانی نزیک دادەڕێژن بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران.

هاوکات، تۆڕی "ئەی بی سی نیوز" لە سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە کە هێرشە گریمانکراوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل تاووتوێ کراون، بەڵام سرووشتی بەشداریی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل هێشتا ڕوون نییە. 

هەروەها ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە سەرچاوەیەکی باڵاوە گواستوویەتییەوە کە ترامپ بە جددی لێکۆڵینەوە لە دەرکردنی فەرمانی هێرشکردنە سەر کەرتی وزەی ئێران دەکات لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.

ئامانج لەم شەپۆلە نوێیەی هێرشە ئاسمانییانەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی وزە و ژێرخانی ئێران، دروستکردنی گوشارە لەسەر تاران بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا. 

ئەم جۆرە هێرشانە ڕەنگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل ئەنجام بدرێن، کە کۆتا جار لە 8ی حوزەیراندا ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران بۆردومان کرد و پێشبینی دەکرێت خولێکی تری گرژییەکان ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی موشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.