شارپرێس:
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، گەلی ئێران خۆیان بڕیاردەری کۆتایی داهاتوی خۆیانن و دەڵێت، لەهەموو ئەم ڕۆژە سەختەكاندا، پاڵەوانە ڕاستییەکان تەنها خەڵک بون، چونکە داهاتوی ئێران هەر گەلی ئێران خۆیان دیاری دەکەن"، هاوكات وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەش لەوەڵامێكی پاشای بەحریندا دەڵێت، پێوەری باشتربون و فەزڵ لەئیسلامدا پەیوەندی بەزمان و ناوچەی جوگرافییەوە نییە.
مسعود پزیشکیان، سەرۆك كۆماری ئێران، ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو لەکاتێکدا حکومەت دەستی بەکارەکانی کرد، کەڕژێمی زایۆنیستی "میوانە ئازیزەکەمان"ی تیرۆر کرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئاڵۆزییە ئەمنییانەی کە لەدەستپێکی دەسەڵاتەکەیدا ڕویاندا.
سەرۆک کۆماری ئێران باسی لەو فشارانە کرد کە لەسەر وڵاتەکەی هەبوە و وتی،" ئەم 2 ساڵەی ڕابردوو، سەردەمی جەنگە سەپێندراوەکان و فشارو دوژمنایەتییە یەک لەدوای یەکەکان بوە کە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنراون".
لەکۆتایی قسەکانیدا، مەسعود پزیشکیان ستایشی خۆڕاگریی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد و جەختی کردەوە، "لەهەموو ئەم ڕۆژە سەختانەدا، پاڵەوانە ڕاستییەکان تەنها خەڵک بون، چونکە داهاتوی ئێران هەر گەلی ئێران خۆیان دیاری دەکەن".
هاوكات، لەبەرامبەردا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی پاشای بەحرەین دەداتەوەو رایگەیاند، پێوەری باشتربون و فەزڵ لەئیسلامدا پەیوەندی بەزمان و ناوچەی جوگرافییەوە نییە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خاوەن شارستانیەتێکی دێرینەو دوای وەرگرتنی ئیسلام بوەتە یەکێک لەکۆڵەکە هەرە گرنگەکانی گەشەسەندنی شارستانیەتی ئیسلامی لەبوارەکانی فیقهـ، فەلسەفە، پزیشکی، ماتماتیک و ئەدەبدا.
بەقایی لەوەڵامی لێدوانەکانی پاشای بەحرەین کە وتبوی "ئێران چاکەی پەیامی محەمەدی لەسەر نەتەوەی فارسی فەرامۆش کردوە"، ئاماژەی بەوە کرد، "پێوەری باشتربون لەئیسلامدا نەزمانی عەرەبییەو نەسەر بەناوچەیەکی جوگرافییە، بەڵکو تەنها پارێزکاری و تەقوایە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی،"هیچ حاکمێک مافی ئەوەی نییە تەنها قسەکردن بەزمانی عەرەبی بکاتە پاساو بۆ بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی پەیامی پێغەمبەر، یان ئەو بانگەشەیە بگۆڕێتەوە بەکارکردن بەفێرکارییە ڕونەکانی ئیسلام".
بەقایی جەختی لەوەش کردەوە کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە پابەندی پرەنسیپی هاوسێیەتی باش بوە، تەنانەت لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە ئێستا فەرمانڕەوایی بەشێکی دابڕاو لەخاکی ئێران دەکەن.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لەو وڵاتانە گرت کە لەلایەک باسی ئیسلام دەکەن و لەلایەکی دیکە پێشوازی لەدوژمنانی موسڵمانان دەکەن و دەبنە هاوکاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی وڵاتانی موسڵمانی هاوسێ و ڕاشیگەیاند کە وەڵامی ئەم ڕەفتارانە لەقورئانی پیرۆزو سوننەتی پێغەمبەردا ڕون کراوەتەوە.
