سوپای پاسداران پەیامێك بۆ گروپە چەكدارەكان دەنێرێت

جیهان

49 خولەک پێش ئێستا‌ 1465 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، فەرماندەی سوپای پاسداران سەركردەكانی بەرەی مقاومەی ئاگاداركردۆتەوە كە لەكاتی پێویستدا هێرشەكان فراوانتر بكەن.


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشكرایكرد، فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران سەرکردەکانی بەرەی مقاومەی ئاگاداركردۆتەوە، کە تاران بریکارەکانی لەیەمەن، عێراق و لوبنان ئاراستە دەکات بۆ فراوانکردنی هێڕشەکانیان بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ لەرێگەی تێکدانی بازاڕەکانی وزەی جیهانەوە.

هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگەی نەوتیی سعودیە لەجیهاندا، سوتانی دوو کەشتیی گازی ئەمریکی لەبەندەرێکی میسر لەنزیک نۆکەندی سوێس و بارینی مووشەکەکان بەسەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لەئوردن، گۆڕەپانی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ بازنەیەکی زۆر بەرفراوانتر گواستوەتەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاوی کردوەتەوە، کە ئەم هێرشە چڕانە بەشێکن لەپلانێکی قۆناغ بەقۆناغی تاران کە لەماوەی ئاگربەستە کاتییەکەی ئەمساڵدا بەنهێنی لەگەڵ بریکارەکانی لەناوچەکەدا داڕژراوە، بەمەبەسەتی بەرزکردنەوەی تێچوی جەنگەکەو ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ پاشەکشە.

مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری باڵای دانوستانکاری ئەمنیی ئێران، لەم بارەیەوە لتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نوسیویەتی،"یاساکانی ململانێکە گۆڕانیان بەسەردا هاتوەو رێڕەوی نوێ لەجەنگدا بنیاتنەرن؛ بەرەکان لەچەندین ئاراستەی جیاوازەوە هاوکات و هاوئاهەنگن بەڵام بەسەربەخۆیی کار دەکەن و تەوەرێکی نوێی بەرگری لەناوچەکەدا کارا بوە".


ڕۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكدردوە، فەرماندەکانی هێزی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، لەکاتی ئاگربەستە کاتییەکدا لەرێگەی کۆبونەوەی ئۆنڵاینەوە هێڵە ئەمنییەکانەوە پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ فەرماندەکانی حزبوڵڵا لەلوبنان، حوسییەکان لە یەمەن، و گروپە چەکدارەکانی عێراقدا هەبوە بۆ داڕشتنی ئەم پلانە نوێیە.

هێزەکانی پاسداران ئێستا بە قورسی بۆشایی فەرماندەیی لەناو حزبوڵڵای لوبناندا پڕ دەکەنەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل سەرکردە باڵاکانیانی کوشت. بەرپرسانی لوبنانی نیگەرانن لەوەی کە فەرماندە ئێرانییەکان بەفەرمی لەناو ئەو تەلارانەدا نیشتەجێ بون کە ئیسرائیل لەدەرەوەی بنکە تەقلیدییەکانی حزبوڵڵا بۆردومانی کردن.