میدیای ئیسرائیلی: بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بەئێران زۆر لەترەمپ نیگەرانن

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 343 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، ناوەندە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل تووشی تووڕەیی و نیگەرانییەکی قووڵ بوونەتەوە بەهۆی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران.، بەشێوەیەک فەرماندە باڵاکانی بەرگریی ئەو وڵاتە هەڵسوکەوتی ئەمریکا بەوە وەسف دەکەن کە "ئیسرائیلیان لە تاریکیدا هێشتۆتەوە" و بێ ئاگا لە بڕیارە گرنگەکان جێیان هێشتوون.

 
بەپێی زانیارییەکانی "کەناڵی 12"ی عیبری، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاندووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل هێشتا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە، لەبەرئەوەی بەرپرسانی تەلئەبیب ترسی ئەوەیان هەیە کە تاران هەنگاوی چاوەڕواننەکراو بنێت و ئیسرائیل تووشی شۆک بکات.

ئەوەی زیاتر ئیسرائیلییەکانی نیگەران کردووە، شێوازی راگەیاندنی بڕیارەکانە؛ بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی دەزگا ئەمنییەکان و تەنانەت ئاستە سیاسییەکانیش، بڕیاری راگرتنی هێرشەکانیان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیستووە، نەک لە رێگەی هەماهەنگیی فەرمی نێوان هەردوو وڵات.

یارۆن ئەبراهام، شرۆڤەکاری سیاسیی لە کەناڵە عیبرییەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە سوپا و حکومەتی ئیسرائیل بە تەواوی تووشی شۆک بوون کاتێک بیستیان ترەمپ بڕیاری هێرشەکەی هەڵوەشاندووەتەوە. ئەو لە وتارێکدا نووسیویەتی: "هیچ پەیامێکی فەرمیی لە کاتژمێرەکانی پێش بڕیارەکە بە ئیسرائیل نەگەیشتووە، تەنانەت سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگرییش لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە هەواڵەکەیان بیستووە".

هەروەک وتویەتی: ئەم دۆخە بۆتە هۆی بەفیڕۆچوونی سەرچاوە و توانایەکی زۆری سەربازیی کە بۆ ئامادەکاریی هێرشەکە تەرخان کرابوون، چونکە کاتێک ئاستی ئامادەباشیی دادەبەزێنرێت، دووبارە رێکخستنەوەی هێزەکان کات و تێچوویەکی زۆری دەوێت. فەرماندەکان دەپرسن: ئامانجی کۆتایی ترەمپ لەم یارییە چییە؟

لە لایەکی دیکەوە، لیوا ئیفتاح رۆن تال، فەرماندەی پێشووی سوپا، پێی وایە ئەمە لەدەستدانی "دەرفەتێکی مێژووییە" بۆ لێدانی کوشندە لە ژێرخانی ئابووریی ئێران. ئەو دەڵێت تا ئەم رژێمە لە دەسەڵات بێت، هەرگیز جیهانێکی بێ چەکی ئەتۆمی نابینین و هەر رۆژێک دواکەوتن دەرفەت بە تاران دەدات بۆ خۆکۆکردنەوە.

هاوکات، شرۆڤەکارانی وەک ئەلیاهۆ یۆسیان دیدگایەکی جیاوازتریان هەیە و پێیان وایە ترەمپ بە ئەنقەست ئەم یارییە دەکات. بە بڕوای ئەو، مانەوەی گرژییەکان لە بەرژەوەندی ئابووریی ئەمریکادایە؛ چونکە هەڕەشەکانی ئێران دەبنە هۆی واژۆکردنی گرێبەستە گەورەکانی چەک و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کە ئەمەش سوودێکی زۆر بە پشکەکانی کۆمپانیا ئەمنییەکان و پیشەسازیی نەوتی ئەمریکا دەگەیەنێت، بۆیە لە دیدی ترەمپەوە، تا مەترسییەکی ئەتۆمی دەستبەجێ نەبێت، بەردەوامی ئەم دۆخە پڕ دەستکەوتە.