میدیای ئیسرائیل: حەماس بەشێک لەچالاکییەکانی بۆ تورکیا دەگوازێتەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 162 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی  ڕاپۆرتی دەستەی پەخشی فەرمیی  ئیسرائیل لەسەر زاری سەرچاوە فەلەستینییەکانەوە گواستوویەتییەوە، بزووتنەوەی حەماس دەستی کردووە بە ڕێکخستنەوەی چالاکییەکانی، بۆئەوەش بەشێک لە چالاکییەکانی بۆ تورکیا دەگوازێتەوە.

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە کە لەچوارچێوەی ئەو ڕێکخستنەوانەدا،  بەشە نادیار و نهێنییەکانی وەک فەرمانگەکانی پلاندانان و ئۆپەراسیۆنە سایبەرییەکانی بۆ تورکیا دەگوێزێتەوە، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی سیاسیی و چالاکییە ئاشکراکانی لە قەتەر دەهێڵێتەوە.

ئەوەش هاتووە:  ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە زانیارییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو دەسەڵاتدارانی قەتەر کۆتوبەندی زیاتریان بەسەر جووڵەی سەرکردەکانی حەماسدا سەپاندووە و داوای ڕەزامەندیی پێشوەختەیان لێدەکەن بۆ گرێدانی کۆبوونەوە فەرمییەکان. 

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم ڕێکارانە پەیوەندییان بە ئەنجامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەکەوە هەیە کە تێیدا خەلیل حەییە وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا، بەپێی سەرچاوەکان ئەم هەنگاوەش لەگەڵ ئاراستەکانی ئاڕاستەی دەوحەدا نەگونجاوە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە حەماس چەند هەفتەیەک پێشتر هەڵبژاردنی خەلیل حەییەی وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی لە شوێنی یەحیا سنوار ڕاگەیاند، کە ئەویش دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەی گرتبووە دەست.