شارپرێس:
لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردودا، دانیشتوانی قەزای چەمچەماڵو ناحییەکانی دەوروبەری لەدۆخێکی دڵەڕاوکێو چاوەڕوانیدا دەژین، دوای ئەوەی ههشت بومەلەرزەو پاشلەرزەی یەک لەدوای یەک بەڕونی لەناوچەکەدا هەستیان پێکراوە.
بهگوێرهى داتاکانی چاودێری جیۆلۆجی، چالاکییەکان لەکۆتایی مانگی تەمموزەوە دەستیانپێکردوەو تا دوێنێ شەو، 15ی ئاب، بەردەوامبون، ئەم زنجیرە لەرینەوەیە بوەتە هۆی دروستبونی ترس لەناو هاوڵاتیاندا، بەتایبەت دوای ئەوەی هەندێک لەبومەلەرزە بەهێزەکان درزیان خستوەتە دیواری چەند خانوو و باڵەخانەیەک.
زانیارییە تۆمارکراوەکان ئاشكرایدهكهن، چەقی سێ لەو بومەلەرزانە لەناوخۆی سنوری چەمچەماڵ بون، لەکاتێکدا پێنج لەرینەوەی دیکە لەدەرەوەی قەزاکە ڕویانداوە، بەڵام بەتوندی هاتونەتە ناوشارەکەوە.
بەهێزترین لەرینەوە لە 14ى ئهم مانگه بوو کاتژمێر (1:27) خولهكى بهرهبهیان بوو كه گوڕهكهى لهنێوان ( 3.6 تا 4) پلەی ڕێختەر بوو لەباکوری چهمچهماڵ کە پاشلەرزەیەکیشى بەگوڕی 2.5 پله بەدوای خۆیدا هێنا، پێشتریش لە 30ی تەمموزدا لەرینەوەیەک بەگوڕی 3.5 پله سنوری سەنگاوی هەژاندبوو.
سهرچاوه كهشناسیهكان باس لهوهكهن، سنورەکە کەوتوەتە ژێر کاریگەریی بومەلەرزە دەرەکییەکانیش؛ لەوانە دوو بومەلەرزەی کەرکوک (قەرەهەنجیر بەگوڕی 4.3و لەیلان بەگوڕی 3.7)، بومەلەرزەی بازیان بەگوڕی 3.4و لەرینەوەیەکی توندی گەرمیانیش کە شەپۆلەکانی گەیشتنە قادرکەرەمو سەنگاو.
زنجیرە لەرینەوەکە لێرەدا نەوەستاوه؛ شهوى ڕابردوو، کاتژمێر 9:24 خولهكی شەو، بومەلەرزەیەکی نوێ بەگوڕی 3.5 پلەی ڕێختەر جارێکی دیكه خەڵکی ناوچەکەی ڕاپەڕاندو ترسو دڵەڕاوکێی نوێکردەوە.
شارەزایانی جیۆلۆجی ئاماژە بەوەدەکەن، ناوچەی چەمچەماڵو دەوروبەری دەکەوێتەسەر هێڵی لێکخشانی پلێتە تێکتۆنیکییەکان، ئەمەش وایکردوە لەڕوی بومەلەرزەوە بەردەوام ناوچەیەکی چالاک بێت، تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لەهاوڵاتییان دەکەن ئارامی خۆیان بپارێزنو پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن بن لەپێناو پاراستنی گیانیاندا.
وهكو شارهزایان ئاماژهیان پێكردوه، لێکخشانی پلێتە تێکتۆنیکییەکان بریتییە لەپرۆسەی جوڵەو بەریەککەوتنی چەند بەشێکی گەورەی توێکڵی زەوی لەسەر چینێکی نیمچە شل، ئەم دیاردەیە هۆکاری سەرەکی دروستبونی بومەلەرزە، چیاکانو گڕکانەکانە لەجیهاندا، ناوچەی کوردستانو بەتایبەت (کەرکوک، چەمچەماڵو سلێمانی)، دەکەوێتەسەر هێڵی پێشەوەی ئەم ململانێ جیۆلۆجییە.
