شارپرێس:
لەپەرەسەندنێکی دراماتیکیو پڕ لەنهێنیدا لەناوچەی
کەنداو، دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەفەرمی داوای لەکۆمیتەی نێودەوڵەتیی
خاچی سور کردوە دەستبەجێ دەستێوەردان بکات بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسو ئازادکردنی سێ
فڕۆکەوانی سەربازیی ئێرانی کە لەلایەن قەتەرەوە دەستبەسەرکراون.
ئەم داواکارییە فەرمییەی تاران پەردەی لەسەر
ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی زۆر مەترسیدارو نهێنی لادا کە لەمانگی سێى ئهمساڵدا ئەنجامدراوە،
تاران ئاشکرایکردوە، فڕۆکەوانەکان لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی سەربازیدا بون لهڕێگهى
دوو فڕۆكهوه كه ژمارهى فڕۆكهوانهكان چوار كهس بونو دژی ئەوەی وەک (بنکەیەکی
سەربازیی دوژمنکار) ناوزەدیکردوە لەناوخاکی قەتەردا کە مەبەست لێی بنکەی ئاسمانیی
"ئەلعەدید"ی ئەمریکییە.
مەسعود جەعفەری، یاریدەدەری فەماندەی هێزی
ئاسمانیی سوپای ئێران، وردەکاریی زیاتری لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە
ئاشکراکردوەو ڕایگەیاندوە، ئۆپەراسیۆنەکە بەدوو فڕۆکەی جەنگیی جۆری (سوخۆ- 24) ئەنجامدراوە.
وهكو جهعفهرى وتویهتى، "فڕۆکە جەنگییەکان
لەبەرزاییەکی زۆر نزمدا بەسەر ئاوەکانی کەنداو فڕیون تاوەکو لەسیستمی دۆزینەوەو ڕاداری
ئەمریکی بشاردرێنەوە، فڕۆکەوانەکان بەبێ بەکارهێنانی سیستمی دیاریکردنی شوێنی جیهانی
(GPS) گەشتەکەیان کردوەو تەنها پشتیان بەلێهاتویی
خۆیانو ئاماژهكانى ناوخۆیی بەستوە بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر کاریگەریی شەپۆلی تێکدەرى
ئەمریکی".
ئاماژه بهوهشدهكات، "فڕۆکەکان توانیویانە
بگەنە ئاسمانی قەتەر سەرهڕای بونی پێشکەوتوترین سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکیو
قەتەری وەک سادو پاتریۆت، لەگەڵ بەردەوامیی دەورییەی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکان.
فەرماندەیی ئاسمانیی ئێران دانی بەوەداناوە،
فڕۆکەکان لەکۆتاییدا لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانەوە پێکراون، جەستەی یەکێک لەفڕۆکەوانەکان
بەناوی (مەجید کازمى) دوای هێرشەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ ئێران، بەڵام سێ فڕۆکەوانەکەی
دیکە دوای ئەوەی بەپەرەشوت لەناوخاکی قەتەر نیشتونەتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی
قەتەرەوە بەدیلگیراونو تائێستا چارەنوسیان نادیارە.
پەنابردنی فەرمیی تاران بۆ کۆمیتەی نێودەوڵەتیی
خاچی سور، نیشانەی ئەوەیە کە ئێران دڵنیایە فڕۆکەوانەکانی بەزیندویی لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی
دەوحەدا وەک ئەسیری جەنگ ماونەتەوە، تاران دەیەوێت لەڕێگەی ئەو ڕێکخراوە مرۆییەوە
دەروازەیەکی نوێی دیپلۆماسیی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ قەتەرو ئەمریکا بکاتەوە بۆ گۆڕینەوە
یان ڕادەستکردنەوەی فڕۆکەوانەکانی، دوای چەندین مانگ لەبێدەنگیو شاردنەوەی ئەنجامەکانی
ئەو ڕوبەڕوبونەوە ئاسمانییە سەختە.
ماجد ئەلئەنساری وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی
قەتەر لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئێكسهوه وهڵامى ئێرانى داوهتهوهو نوسیویهتى،
"فڕۆکە ئێرانییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی ئاسمانی قەتەریان بەزاندوەو ئاڕاستەی
هێرشەکەیان بەتەواوی پشتڕاستکراوەتەوە، هێزە ئاسمانییەکانی قەتەریش بهگوێرهى یاسای
سەربازیی هەوڵی پەیوەندییان لەگەڵ فڕۆکەوانەکان داوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبوە".
دهشڵێت، "دوای بێدەنگبونی فڕۆکەوانەکان،
قەتەر بهگوێرهى یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێکاری پێویستی بۆ بەرگریی لەخاکەکەی گرتوەتەبەرو
فڕۆکەکانی خستوەتە خوارەوە، ئەمەش لەهەمانکاتدا بەفەرمی بەتاران ڕاگەیەندراوە،
دواتر تیمەکانی گەڕانو ڕزگارکردن بەتەواوی ئەرکی خۆیان جێبەجێکردوە، بەڵام هیچ فڕۆکەوانێکی
زیندوو نەدۆزراوەتەوە، بەڵکو تەنها ڕوفاتی یهك فڕۆکەوان لەشوێنی کەوتنی فڕۆکەکان
بوە، ئهویش بهگوێرهى یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندییان بەئێرانەوە کردوەو
ڕادەستیانكراوهتهوه".
لەکۆتایی وهڵامهكهیدا، قەتەر جهختدهكاتهوه،
"لەمانگی نیسانی ڕابردودا داوایەکی فەرمیمان ئاڕاستەی ئێران کرد تاوەکو تیمێکی
پسپۆڕ بنێرێتە دەوحە بۆ بینینی وردەکارییو بەڵگەنامەکانی پرۆسەی گەڕانو ڕزگارکردن،
بەڵام لایەنی ئێرانی تائێستاش ئامادەنەبوە وەڵامی ئەو داواکارییە بداتەوەو هیچ تیمێکی
نەناردوە، بۆیه ڕایدهگهیهنین، هیچ فڕۆكهوانێكى ئێرانى لاى ئێمه دهستبهسهر
نییه".
