میدیای ئیسرائیل ئەو هێڵە سورانە ئاشکرادەکات کە بۆ تورکیا لەسوریا کێشراون

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2081 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر خاکی سوریا ڕوو لەهەڵکشان دەکەن و هەردولا گەیشتونەتە قۆناغێک کە تێیدا کەناڵی نهێنی بۆ ڕێگریکردن لەڕوبەڕوبونەوەی سەربازی بەکاردێنن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل کە لەسەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵاوە وەریگرتون، تەلئەبیب نایەوێت ئەنقەرە بباتە ڕیزی دوژمنە ڕاستەوخۆکانییەوە، بەڵام هاوکات هێڵی سوری دەستنیشانکراوی هەیە کە ڕێگە نادات تێپەڕێندرێن.

میدیا ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردوە کە تەلئەبیب ڕاشکاوانە بەلایەنی تورکی و ئەمریکی ڕاگەیاندوە کە بڵاوەپێکردنی هەر جۆرە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، یان موشەک لەلایەن تورکیاوە لەناوخۆی سوریادا هیڵی سورە.

ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە ئامانجی پاراستنی ئازادیی جوڵەی هێزی ئاسمانیی خۆیەتی لەئاسمانی ناوچەکەدا، چونکە ئامادەیی سەربازیی تورکیا دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت و ئاستەنگ لەبەردم فڕۆکە جەنگییەکانی درووست بکات.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش کردوە، لەو شوێنانەی کە پەیام و کەناڵە دپلۆماسییەکان بێئەنجام دەبن، هێزەکانی ئیسرائیل پەنا دەبەنە بەر کردەی مەیدانی.

لەم چوارچێوەیەدا، سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو ئەلزوھور لەباكوری سوریا، کە تەنها 70 کیلومەتر لەسنورەکانی تورکیاوە دورە.

ئامانجی هێرشەکە تێکدانی ژێرخانی فڕۆکەخانەکە و ڕێڕەوەکانی نیشتنەوە بوو پێش ئەوەی ئامێر و سیستەمی ڕاداری تورکی تێدا جێگیر بكرێت.

ئیسرائیل ڕونیکردۆتەوە کە ڕێگرییەکانی ڕاستەوخۆ دژی بونیادنانەوەی سوپای سوریا نییە، بەڵکو مەبەست لێی ڕێگریکردنە لەدروستبونی هەر هەڕەشەیەکی سەربازیی نوێ لەسەر سنورەکانی، بەتایبەت لەسایەی ئەگەری زیاتربونی نفوزی سەربازیی تورکیا لەخاکی سوریادا.