شارپرێس:
رۆژنامەیەکی عێراقی هەڕەشەیەکی نوێی ئێران بۆ ئەنجامدانی
هێرشی زەمینی بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران ئاشکرادەکات و
دەڵێت، عەلی زەیدیی بەپەلە دەستوەردانی کردوەو ئاسایشی نەتەوەیی ناردە هەولێر و
بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتودا بچێتە سلێمانیش.
رۆژنامەی "العالم الجديد" لەزاری سەرچاوەیەکییەوە
بڵاویکردوەتەوە،" سەرکردایەتی ئێران پەیامێکی هەڕەشە ئامێزیان گەیاندوەتە
حکومەتی عێراق و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر بارەگاکانی حزبە
کوردییەکانی رۆژهەلات دەکەن، کە لەزۆربەی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ
ئێران بارەگایان هەیە ".
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەواڵگری ئێران زانیارییان هەیە
لەسەر هەبونی بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لەناوچە سنورییەکان، کە
لەئێستادا سەربازگەیان هەیە و بەردەوام راهێنان دەکەن.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە،" لەدوای
هەڕەشەکانی ئێران، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، قاسم عەبودی راوێژکاری
ئاسایشی نەتەوەیی ناردە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم لەسەر شێوازەکانی
کۆتاییهێنان بە دۆسیەی حزبەکانی رۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد، بڕیاریشە
لەئایندەیەکی نزیکدا راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەردانی شاری سلێمانیش بکات
".
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامە عێراقییەکە بڵاویکردوەتەوە،
حکومەتی هەرێم رەزامەند بووە لەسەر دورخستنەوەی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی
کوردستان لەسەر سنورەکان و چاوەڕێی ئامادەکردنی رێکارێکی نوێیە بۆ یەکلاکردنەوەی
ئەو دۆسیەیە.
