شارپرێس:
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبونەوەو و پرسە داراییەکان و گۆڕینی دراویان تاوتوێ کردو بانكی ناوەندی ڕایگەیاند، نمونەی دیناری نوێ:ە ئامادەیەو تەنها چەند دیراسەكی وردی ماوە.
نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق کۆبوەوە، باسیان لەزیادکردنی پارەی کاش، زیادکردنی داهات و جێگیرکردنی بەهای دۆلار لەبازاردا کرد.
لەبارەی ناوەرۆکی کۆبونەوەکە ئەندامێکی لیژنەکە ئاشکرایکرد، پرسی لادانی سفرەکانی سەر دینارو گۆڕینی دراوەکەیان تاوتوێکردوە، بانکی ناوەندیش دەڵێت، دیزاین و نمونەی دراوە نوێیەکە ئامادەیەو پرۆسەی گۆڕینەکەشی پێویستی بەسێ تا حەوت ساڵ دەبێت.
دەشڵێت، بەگوێرەی یاسای بانکی ناوەندی بڕیاری گۆڕینی دراو لەدەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە، پڕۆژەی چاپکردنی حەوت ملیارو نیو کاغەزی دراوی نوێ بۆ هەر چوار وڵاتی ئەڵمانیاو فەرەنساو ئوسترالیاو بەریتانیا ئامادەکاریی بۆکراوە، تێچوەکەشی نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار دەبێت، بەمەرجێک بەهای ئابوریی دراوەکە وەک خۆی بمێنێتەوە.
هاوکات بانکی ناوەندیی هۆکارەکانی گۆڕینی دراو بۆ چەند خاڵێک دەگێڕێتەوە، وەک، گەڕاندنەوەی ئەو نەختینەیەی چوەتە دەرەوەی سیستەمی بانکی یان لەلایەن تۆمەتبارانی گەندەڵییەوە لەشوێنە نهێنییەکاندا شاردراونەتەوە، وە دروستکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتییان و بانکەکان بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەی سڕکراو، لەگەڵ رێگریی لەساختەکردن بەهۆی کۆنی دیزاینی دراوی ئێستا کە ساڵی 2005 چاپکراوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکردوە، لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر پرسی لادانی سفرەکانی سەر دینارو بەرنامەی بانکی ناوەندی بۆ دیاریکردنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار کردوە، ئەوە جگە لە تاوتوێکردنی سیاسەتی دارایی بۆ ساڵانی داهاتوو چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە و پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و هۆکاری دواکەوتنی موچە.
