بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی "زە تەلەگراف"، هاککەرە ئێرانییەکان لە هێرشێکی سایبەرییدا توانیویانە وێستگەیەکی کارەبا
لە بەریتانیا بۆ ماوەی چوار
ڕۆژ لە کاربخەن. بەپێی
ڕاپۆرتەکە، پێدەچێت ئەمە یەکەم جار بێت کە ئەم هاککەرانە توانیبێتیان
دامەزراوەیەکی لەم جۆرە لە بەریتانیا بە تەواوی لەکاربخەن.
بەپێی زانیارییەکانى ڕۆژنامە بەریتانییەکە،
هێرشەکە مانگی ڕابردوو ڕویداوە و هاوکات بوە لەگەڵ زنجیرەیەک هێرشی
سایبەری بۆسەر ژێرخانی ئاو لە ئەمریکا، کە ئەو هێرشانەش 12 ویلایەتی ئەمریکای گرتەوەو بونە هۆی نیگەرانی لە کۆشکى سپی.
بەپێی The Telegraph،
بەرپرسانی بەریتانیا بەهۆی هۆکارە ئەمنییەکانەوە ناوی ئەو وێستگە کارەبایەیان
ئاشکرا نەکردوە، بەڵام دەوترێت دامەزراوەکە بۆ چوار ڕۆژ لە کارکەوتوە و کارمەندان
لەو ماوەیەدا هەوڵیان داوە سیستەمەکە بگەڕێننەوە سەر کار.
وێستگەی بەئامانجگیراو بە قەبارە بچوک بوە و وەستاندنی کاری نەبوەتە هۆی کاریگەرییەکی گەورە
لەسەر تۆڕی گشتی کارەبا یان بەرهەمهێنانی وزەی بەریتانیا.
لە وەڵامی ئەم ڕوداوەدا، حکومەتی بەریتانیا
بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی کارەبای لە بارودۆخەکە ئاگادار کردوەتەوە و لە نامەیەک
بۆ کۆمپانیاکان، ڕێنمایی و ڕێکارە پێویستەکانی بەرەنگاربونەوە و هەنگاوەکانی داهاتوی
خستووەتەڕوو.
هەروەها دەگوترێت ڕوداوەکە ناوەندی نیشتیمانی ئەمنیی سایبەری
بەریتانیا (NCSC)ى
لێئاگادارکراوەتەوە، ئەم ناوەندە بەشی گشتیی ستافی پەیوەندیی حکومەتی بەریتانیایە
و ڕێنمایی بە کۆمپانیاکان دەدات بۆ پاراستنی ژێرخانی نیشتیمانی لە هەڕەشە
دەرەکییەکان.
ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا
چەندین جار هۆشدارییان لە مەترسیی هاکەرەکانی ڕوسیا، چین، ئێران و کۆریای باکور داوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم گروپانە بەشێوەی
بەردەوام ژێرخانە گرنگەکان و دامەزراوە حکومییەکان دەکەنە ئامانجی هێرشە
سایبەرییەکان.
لە ڕابردوودا، هێرشە سایبەرییە گەورەکان
سیستمی خزمەتگوزاریی تەندروستی
نیشتیمانی بەریتانیا (NHS)،
قوتابخانەکان و دامەزراوە بەرهەمهێنە بازرگانییەکان، لەوانە هێڵەکانی بەرهەمهێنانی Jaguar Land Rover،یان لەکار خستوە. گرووپە هاکەرە دەرەکییەکان هەروەها زانیاریی کڕیارانی کۆمپانیاکانی
فرۆشتن و تۆمارەکانی دەنگدەران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بەریتانیایان دزیوە، بەڵام
تا ئێستا هیچ هاکەرێک نەیتوانیوە وێستگەیەکی کارەبای بەریتانیا بە تەواوی لە کار بخات.
