شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکدا بۆ پەیوەندییەکانی هەولێرو واشنتۆن، کەناڵی (بی بی سی) بەریتانی ئاشکرایکردوە، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریداوە هەموو هاوکارییە سەربازییو داراییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە ڕابگرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پلانی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بی بی سی کە پشتی بەزانیاریی چوار سەرچاوەی ئاگادار (بەرپرسانی بەشدار لەکۆبونەوەکان) بەستوە، پێنتاگۆن، بەسەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندوە، پلانی نییە ئەو ڕێککەوتنە نوێبکاتەوە کە هاوکاریی داراییو ئەمنی پێشکەشی پێشمەرگە دەکات، وادەی ئەم یاداشتە لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، ڕێک لەو ڕۆژەی کە ئەمریکاو وڵاتانی دیکە دوا سەربازی خۆیان لەعێراق دەکشێننەوە.
یەکێک لەزانیارییە هەرە هەستیارەکانی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە، تەنها بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەعێراق کە لەهەولێر ماوەتەوە، بڕیارە مانگی داهاتوو و دەستبەجێ دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دابخرێت، ئەمە نیشانەی کۆتاییهاتنی هەڵمەتی سەربازیی نێودەوڵەتییە دژی داعش کە پێشمەرگە تێیدا هاوبەشێکی سەرەکی بوو.
بەرپرسانی کورد مەترسییەکی گەورەیان هەیە کە بڕینی ئەم هاوکاریانە ببێتە كێشهى گهوره بۆیان، ههروهك چۆن چاودێران جهختدهكهنهوه، ئەم بۆشاییە ڕێگە بۆ ئێران خۆشدەکات کە لەناوچەکەدا بوێرتربێت، بەتایبەت کە پێشتر هەرێمی کوردستان چەندینجار ڕوبەڕوی هێرشی موشەکیو درۆنی تاران بوەتەوە.
وهكو ڕاپۆرته بهریتانیهكه باسیكردوه، هێزی پێشمەرگەى ههرێمى كوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 180 هەزار جهنگاوهره، لەساڵی دارایی 2026دا (واته لهمساڵدا) بڕی 61 ملیۆن دۆلاری بۆ موچە، پڕچەککردنو مەشقو ڕاهێنان لەئەمریکاوە پێگەیشتوە، لهو ڕوهشهوه ئهمریكا پێشنیازیکردوە لەبودجەی ساڵی 2027دا ئەم بڕە پارەیە بەتەواوی ببڕدرێت، بەو پاساوەی کە "داعش تێکشکێنراوە"و چیتر پێویست بەو خەرجییە ناکات.
هەرچەندە سەرچاوەکان دەڵێن، ئەمریکا تاووتوێی هەندێک ڕێگهدەکات بۆ هێشتنەوەی بەشێک لەهاوکارییەکان بۆ عێراقو هەرێم، بەڵام بڕیاری بڕینی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە وەک خۆی ماوەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تائێستا ئامادەنەبوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم ڕاپۆرتەو مەترسیی بڕینی هاوکارییەکان بدات.
شرۆڤهكاران وایدهبینن، ئەم هەنگاوەی واشنتۆن کەمتر لەساڵێک دوای کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لەجیهاندا لەشاری هەولێر دێت کە نیشانەیەکە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لەستراتیژیی ئەمریکا بەرامبەر دۆستی دێرینی خۆی لەناوچەکەدا.
