شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئەمنی-سیاسیی ئێرانى ئاشكرایكردوه، وەڵامە موشەکییەکەی شەوی ڕابردوی ئێران بۆسەر سەربازگەی (کامپ تیتین) لەناو ئوردن، "بەهێز، وردو وێرانکەر" بوەو بهگوێرهى زانیارییەکان، ئەم هێرشە گورزێکی کوشندەی لەهێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا وەشاندوە.
سوپای پاسدارانی ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشهكانى ئەمریکا، بەموشەکی بالیستی سەربازگەی (کامپ تیتین)ی سەر بەهێزەکانی مارێنزی ئەمریکای لهئوردن کردە ئامانجو سەرچاوە ئێرانییەکانیش باس لەکوژرانی ژمارەیەکی زۆر لەسەربازانی ئەمریکاو تێکشکانی چەندین دامەزراوەی گرنگو فڕۆکەی جەنگیی جۆری هێلیکۆپتەر دەکەن.
ئاژانسی تەسنیم-ى نزیك لهسوپاى پاسداران نوسیویهتى، "سەربازگەی (کامپ تیتین) لەشوێنێکی ئێجگجار هەستیاردا هەڵکەوتوە؛ لەبەشی باکوری دەریای سور، لەنزیک بەندەری عەقەبەی ئوردنىو بەندەری (ئیلات)ی ئیسرائیلی، هەروەها دورییەکی زۆر کەمی لەگەڵ سنورەکانی سعودیە هەیە، ئەم پێگەیە وایکردوە بنکەکە ببێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ مەشقو ڕاهێنانی مارێنزی ئەمریکى.
باس لهوهشكراوه، ئەم بنکەیە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە بۆ هێزەکانی کاردانەوەی خێرا)ی ئەمریکا، دوای ئەوەی ئەمریکییەکان ڕوبەڕوی داخرانی گەروی هورمزو پەککەوتنی گەیاندنی پێداویستییە سەربازییەکانیان بونەوە لەکەنداو، هەوڵیاندا بەشێک لەهێزەکانیان لە(کامپ تیتین) جێگیربکەن، بەو هیوایەی کە ئێران زانیاریی تەواوی لەسەر ئەو جموجۆڵانە نییە یان توانای نییە لەو دورییەدا بییانپێکێت.
وهكو ئاژانسهكه ئاماژهى پێداوه، هێرشەکەی شەوی ڕابردوی سوپای پاسداران دەریخست کە ئێران لەلایەکەوە چاودێرییەکی هەواڵگریی وردو هەمەلایەنەی بەسەر جموجۆڵەکانی سوپای ئەمریکاوە هەیە، لەلایەکی دیكهشهوه توانایەکی فراوانی هەیە بۆ وەشاندنی گورزی کتوپڕ لەهێزەکانی ئەمریکا لەهەر شوێنێک بن، "ئەم هێرشەش هەنگاوێکی ستراتیژییە لەهاوکێشەکانی جەنگدا".
هاوکات لەگەڵ وەڵامەکەی ئێران، وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ناوخۆی وڵات، دەیان کەس برینداربون. هەروەها بەڕێوەبەری مانگی سوری ئێرانی لەپارێزگای "هورمزگان" پشتڕاستیکردەوە کە لەئەنجامی بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی ئاهەنگی هاوسەرگیریی لەناوچەی "سیریک"، پێنج کەس كوژراون کە منداڵیشیان لەنێودایە.
