تۆڕێک دەستگیرکران کە بیانییەکانیان ڕاكێشاوه‌و بەڤیدیۆی ئەشکەنجەدان سەرانەیان لەکەسوکاریان سه‌ندوه‌

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەواڵگریی عێراق پەردەی لەسەر تاوانێکی ترسناک لادا؛ دەستگیرکردنی 10 کەس کە بیانییەکانیان بۆ ناو بەغدا ڕادەکێشاو دوای ئەشکەنجەدانێکی دڕندانە، ڤیدیۆکانیان بۆ کەسوکاریان دەنارد تا پارەیەکی زۆریان وەک سەرانە لێ وەربگرن.


دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی عێراق دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، تۆڕێکی تاوانکاریی بیانییان دەستگیرکردوە کە لە10 کەس پێکهاتبون، ئەم تۆڕە تۆمەتبارن بەوەی هاوڵاتیانی بیانییان بۆ ناو عێراق ڕاکێشاوەو دوای دەستبەسەرکردن‌و ئەشکەنجەدانیان، داوای سەرانەیان لەکەسوکاریان کردوە بۆ ئازادکردنیان.

دەزگای هەواڵگریی لەبەیاننامەیەکدا نوسیویه‌تى، "ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردو بەدواداچونی مەیدانی، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لەوەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدراوە".

لەبەیاننامەکەدا هاتوە، "دەستگیرکراوەکان خاوەنی ڕەگەزنامەی بیانین‌و بەشێوەیەکی نایاسایی لەبەغدا نیشتەجێبون".

شێوازی کارکردنی تۆڕەکە بەو جۆرە بوە کە بەناوی "دابینکردنی هەلی کارەوە" هاوڵاتیانی بیانییان بۆ عێراق ڕاکێشاوە، بەڵام دوای گەیشتنیان، دەستبەسەریان کردون‌و ئەشکەنجەیانداون، هەروەها گرتەی ڤیدیۆیی کاتی ئەشکەنجەدانەکەیان تۆمارکردوە.

هەواڵگریی ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتبارەکان ڤیدیۆکانیان بۆ کەسوکاری ڕفێندراوەکان لەدەرەوەی وڵات ناردوەو داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێکردون بەرامبەر بەئازادکردنیان.