ئێران هۆشدارییەكی توند ئاڕاستەی ئەمریكا دەكات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سوپای ئەمریکا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر واشنتن لە گەمارۆی دەریایی و فشارەکانی بۆ سەر تاران بەردەوام بێت، وەڵامێکی توندمان دەبێت. 


وتەبێژی خاتەمولئەنبیای ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند،"هۆشداری دەدەین بە سوپای ئەمریکا، لەئەگەری بەردەوامبونی هەر چەشنە سەرکێشی و دەستبەسەرداگرتن و هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکانی ئێران و بەردەوامبونی گەمارۆی دەریایی، وەڵامی هێزە چەکدارەکانمان بۆ سەر بنکەو بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا زۆر توندتر دەبێت لەوەی پێشتر بینیویانە".

هەروەها ڕایگەیاند، ئەم وەڵامدانەوانە تەنیا لەیەک شوێندا سنوردار نابن، بەڵکو ئەگەری فراوانبوونی ئۆپراسیۆنەکان و گورزەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا لەئارادایە.

 ئەم هۆشدارییەی ئێران لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لەئاوە نێودەوڵەتییەکان و ناوچە دەریاییەکاندا بەتایبەت گەروی هورمز گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار و هێرشەکان ڕویان لەزیادبونکردوە.