شارپرێس:
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، داوای پاراستنی لێکتێگەیشتنی نێوان دروزەکان و هۆزە عەرەبەکان و گەڕانەوەی بۆ مێزی گفتوگۆ کردو جەخت دەكاتەوە كە ناوچەكە ڕ,بەڕوی كارەساتێ:ی نوێ دەبێتەوە.
تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەپەیامەکەیدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نوسیویەتی،"ئێمە زۆر نیگەرانین لەنوێبونەوەی ئاڵۆزییەکان لەسوەیدا.
دەشلێت، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریاو سەفەدی، ئەیمەنسەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن واژۆمان لەسەر نەخشەڕێگایەکی سێقۆڵی بۆ ئاشتی لەسوەیدا کرد کە رێگایەک بوو بۆ یەکگرتنەوەیەکی شەرەفمەندانەی پارێزگاکە لەناو خاکی سوریادا بەدەستەبەرکردنی سەرجەم ماف و ئەرکەکانی هاوڵاتیبوون بۆ پێکهاتەی دروز، ئەو رێگایەش هێشتا وەک تاکە بژاردە دەمێنێتەوە کە رێگری لەگەڕانەوەی ئازار و خەم دەکات".
تۆم باڕاک سەرنجی خستە سەر پێگەی دروزەکان و مەترسیی گروپە چەکدارەکان و وتی،"دروزەکانی سوریا گەلێکن خاوەن مێژویەکی دێرین و شکۆدارن، بەڵام لەو شوێنانەی دەسەڵاتی دەوڵەت و حوکمڕانی تێیدا نادیارە، باندەکان بۆشایییەکە پڕ دەکەنەوە.
ئاماژەشیدا، ئەمڕۆ چەند کەسێکی کەم بەپاڵنەری ژەهراوی هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی خۆیان، وەک ئەوەی بەرامبەر بەکەسایەتیی وەک عاتیف حونەیدی کرا کە بەشێوەیەکی ناڕەوا دەستبەسەر کراو لەماڵەکەی دەرکرا.
وتیشی،" تیمی ئێمە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حونەیدی و ئەو کەسانەی دیکەی کە بونەتە قوربانیی ئەم توندوتیژییە ناوخۆیییە. پێویستە هاوکاریی نێوان دروزەکان، هۆزە عەرەبەکان و گەلانی دراوسێی سنوری سوەیدا لەسەر بنەمای لێبوردەیی و لێکتێگەیشتن بەردەوام بێت و تەنیا دەوڵەت خاوەنی بڕیاری بەکارهێنانی هێز بێت".
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەدرێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەپرۆسەی لێپرسینەوەو چارەسەرییەکان کرد و وتی،"حکومەتی سوریا دەستی کردوە بەلێکۆڵینەوە لەو تاوانە قورسانەی کە لەمانگی تەمموزی ڕابردودا لەلایەن هێزەکانیەوە ئەنجامدراون و بەرپرسانی ئەو تاوانانە ڕوبەڕوی دادگا دەکاتەوە، کە ئەمە هەنگاوێکی جێی ئومێدە و دەبێت بەردەوام بێت؛ تاکە رێگەش بۆ پێشەوە، دیالۆگێکە کە لێپرسینەوە مسۆگەر بکات، ئاسایش بگەڕێنێتەوە و رێگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکان بکاتەوە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئێمە لەقۆناغێکی زۆر هەستیارداین لەناوچەکەو جیهاندا، داوا لەهەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و بەوردی لەپەیوەندیدا بن، چونکە جێگرەوەی گفتوگۆ سەرکەوتن نییە، بەڵکو دەستپێکی خولێکی نوێی پرسە و شینە".
